هەواڵگری فینلەندا هۆشداری دەدات لە هێرش و دەستێوەردانەکانی رووسیا
"ئەگەر دەتانەوێت بچنە ناتۆوە دەبێت چاوەڕێی ئەم شتانە بن"

K24 - هەولێر:
دەزگای هەواڵگری فینلەندا هۆشداری دایە حکومەتی وڵاتەکەی و گوتی: "ئەگەر دەتانەوێت بچنە ناتۆوە دەبێت چاوەڕێی دەستێوەردان و هێرشی رووسیا بن."
سنووری نێوان فینلەندا و رووسیا بە 1340 کیلۆمەتر دەبێت، فینلەندا لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە لەرووی سەربازیەوە بەبێ لایەنی ماوەتەوە و خۆی لە ناکۆکیەکانی وڵاتانی دراوسێی بەدوورگرتووە.
بەڵام لەدوای 24ـی شوباتەوە کە رووسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد، دۆخەکە بەتەواوی گۆڕاوە.
ئانتی پێلتاری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئاسایشی فینلاند " Supo" گوتی: "هەموو کۆمەڵگای فینلاندی دەبێت هۆشیار بن بەرامبەر هەوڵەکانی رووسیا بۆ کاریگەری لەسەر بڕیاردانی فینلاندی سەبارەت بە پرسی چوونە ناو ناتۆ."
لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئاژانسی گواستنەوە و پەیوەندیەکانی فینلاند رایگەیاند، "لە فڕۆکەکانەوە چەندین راپۆرتیان پێگەیشتووە کە لە رۆژهەڵاتی فینلاند سنوور بەزاندن روویداوە، بەڵام سەرچاوەی سنوور بەزاندنەکە دەستنیشان نەکراوە."
سەرۆکی فینلاند، نینیستۆ چەندین جار داوای کردووە کە "بەبێ دوودڵی بەڵام بە وریاییەوە" بڕیار لەسەر پرسی ئەندامێتی ناتۆ بدرێت و جەختی لەوە کردەوە کە بڕیارەکە لە دەستی پەرلەماندایە.
بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو، حکومەت راپۆرتێک لەبارەی سوود و مەترسیەکانی چوونە ناو ناتۆ بداتە پەرلەمان و هەر لەوێش تاوتوێی ئەو بابەتە دەکرێت.
سەرچاوە: AFP
H.H