په‌یامێكی توند له‌ موقته‌دا سه‌دره‌وه‌

"به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك گه‌ل له‌به‌رده‌میان ناچه‌مێت"

موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در

K24 - هه‌ولێر:

موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، په‌یامێكی توند ئاراسته‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌كات و تێیدا ده‌ڵێت: "ته‌وافوق له‌گه‌ڵ ئێوه‌ واتا كۆتایی وڵات".

موقته‌دا سه‌در، له‌ هه‌ژماری فه‌رمی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر نووسیویه‌تی: "ته‌وافوق له‌گه‌ڵ ئێوه‌ (چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی) ناكه‌م و ته‌وافوق له‌گه‌ڵ ئێوه‌ واتا كۆتاییهاتنی وڵات".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی تویته‌كه‌یدا، سه‌در ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ی پێیده‌گوترێت داخرانی سیاسی، ساناتره‌ له‌ ته‌وافوق له‌گه‌ڵ ئێوه‌ (چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی) و باشتریشه‌ له‌وه‌ی "كێك له‌گه‌ڵ ئێوه‌ به‌ش بكه‌م".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هیچ خێرێك له‌ حكومه‌تی ته‌وافوقی و پشك پشكێنه‌دا نییه‌، چۆن ته‌وافوق له‌گه‌ڵ كوتله‌كان ده‌كه‌ن كاتێك ئێوه‌ ده‌ستدرێژی ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ته‌واوی پێكهاته‌كان و هه‌موو هاوبه‌شه‌كان، كه‌ ده‌تانه‌وێ بیانخه‌نه‌ ریزی خۆتانه‌وه‌".

موقته‌دا سه‌در هه‌ر له‌ تویته‌كه‌یدا، په‌یامێك ئاراسته‌ی گه‌لی عێراق ده‌كات و ده‌ڵێت: "ئه‌ی گه‌لی عێراق، ناتانگه‌ڕێنمه‌وه‌ ناو مه‌رگه‌ساتی پێشوو، ئه‌وه‌ به‌ڵێنێكه‌ و درۆی تێدا نییه‌. نیشتمان ملكچه‌ی پاشكۆیی و داگیركاری و پشك پشكێنه‌ نابێت، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك گه‌ل له‌به‌رده‌میان ناچه‌مێت".

په‌یامه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در كه‌ له‌ تویته‌ری فه‌رمی خۆی به‌ زمانی عه‌ره‌بی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌
په‌یامه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در كه‌ له‌ تویته‌ری فه‌رمی خۆی به‌ زمانی عه‌ره‌بی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌