پسپۆرێك له‌باره‌ی خۆڵبارینه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

"هاتنی شەپۆلی خۆڵبارین هەرئەوەندە سادە نییە"

خۆڵبارین
خۆڵبارین

K24- هه‌ولێر:

پسپۆرێكی به‌رگری شارستانی له‌باره‌ی خۆڵبارینه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر خاوه‌نی باشترین ته‌ندروستی بیت، له‌كاتی خۆڵباریندا هه‌وڵبده‌ زیاتر له‌ كاتژمێرێك له‌ ده‌ره‌وه‌ بێ كار مه‌مێنه‌وه".

موقه‌ده‌م كاروان میراوده‌لی، راوێژکار و شارەزای دادی بەرگری شارستانی رایگه‌یاند، یەکێک لە گرفته‌ سرووشتیەکان دروست بوونی  ئەو گەردەلوول و شەپۆلە خۆڵبارینانەیە کە ساڵانە لە ئاسمانی عێراقدا دروست دەبن.

ئه‌و راوێژكاره‌ی به‌رگری شارستانی راشیگه‌یاند، ئەرکی بەرگری شارستانی لە كاتی درووستبوونی هەردوو جۆری (چەک و پەتا) بایه‌لۆژییەکان، ئامادەباشییه‌ بۆ بە هانەوەچوونی هاووڵاتیان و چۆنیەتی درووستکردنی رێگاکانی خۆپاراستن و دابینكردنی میکانیزمی تاک پارێزیی.

موقه‌ده‌م كاروان میراوده‌لی، گوتی: "هاتنی شەپۆلی خۆڵبارین هەرئەوەندە سادە نییە، جگە لە دروستكردنی کێشە بۆ تەندروستی مرۆڤ، قوربانیشی لێده‌كه‌وێته‌وه‌". 

هه‌روه‌ها گوتیشی: پێویستە  لە حاڵەتی خۆڵباریندا چەند خاڵێکی گرنگ رەچاو بکەین: 

1- ئەگەر کارێکی زۆر پێویستت نەبێت نابێت رێگا بە خۆت و تاکەکانی خێزان بدەیت بۆ چوونە دەرەوە.

2- بەهیچ جۆرێک گەشت و سەردانی دوور گونجاو نییە.

3- رادەی بینین کەم دەبێت، هەربۆیە پێویستە زۆر بەهێواشی  رۆیشتن پیادە بکەیت.

4- نابێت لە رێگا سەرەکییەکان زۆر دوور بکەوینەوە.

5- رووناكی سەرەکی ئۆتۆمبێلەکانتان بەکار بهێنن، ئەگەر تاڕادەیەکیش بینینی بەردەمت بینراو بێت.

6- پێویستە ماسک بۆ خۆپاراستنت بەکار بهێنیت.

7- له‌كاتی خۆڵباریندا بە هیچ شێوه‌یه‌ك دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکان نابێت بەشێوەی بەردەوام یان بۆ ماوەیەک كراوه‌ بن، یاخوود جێهێشتنیان به‌ كراوه‌یی گونجاو نییە.

8- پێویستە ئەو کەسانەی نەخۆشی رەبۆ و هەستیاری سنگ و پێستیان هەیە نابێت له‌كاتی خۆڵباریندا بچنه‌ ده‌ره‌وه‌.

9- بۆ ئەو نەخۆشانەی به‌رده‌وام کێشەیان هەیە، پێویسته‌ ئامێری تایبەت بەخۆیان هەبێت، چونکە له‌ رۆژانی خۆڵبارین نەخۆشخانەکان قه‌ره‌باڵغ ده‌بن.

10- هەمیشە ژمارەی 122 تیمەکانی فریاگوزاری خێرای تەندروستی و (115 و 125) بەرگری شارستانیتان لا هه‌بێت.

11- هەرگیز بۆماوەیەکی زۆرتر لە كاتژمێرێک لەدەرەوە مه‌مێننه‌وه‌.

12- باشترین ئامۆژگاری مانەوەتانە لەماڵەکانتان، بۆ ئەوەی دووچاری مەترسی و لێکەوتە نه‌بنه‌وه‌.

Fly Erbil Advertisment