ماکرۆن و لو پێن له‌ گه‌ڕی دووه‌می هه‌ڵبژاردن كێبڕكێ ده‌كه‌ن

ئیمانوێل ماکرۆن 27.6%ی دەنگەکانی به‌ده‌ستهێنا و براوەی یەکەمی گەڕی یەکەمی ھەڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری فه‌ره‌نسایه‌

ئیمانوێل ماكرۆن و مارین لو پێن یه‌كه‌م و دووه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمارن
ئیمانوێل ماكرۆن و مارین لو پێن یه‌كه‌م و دووه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمارن

K24 - هه‌ولێر:

بەپێی سندووقه‌كانی گەڕی یەکەمی دەنگدان له‌ هه‌ڵبژاردنی سەرۆكایه‌تی کۆماری فەرەنسا، سەرۆك کۆماری وڵاته‌كه‌، ئیمانوێل ماکرۆن و بەربژێری راستڕەوی توندڕه‌و، مارین لو پێن گه‌یشتنه‌ گەڕی دووەم.

گەڕی یەکەمی ھەڵبژاردنی سەرۆك کۆماری فەرەنسا کە 12 بەربژێر تێدا کێبڕکێیان دەکرد، کاتژمێر 20:00 بەکاتی پاریس کۆتایی ھات.

بەپێی راپۆرتی کەناڵی فرانس ئینفۆ-ی حکومی، لۆ مۆند و فرانس 24، له‌ سندووقەکانی دەنگدان لە گەڕی یەکەمی ھەڵبژاردنەکاندا ھیچ بەربژێرێک سەدا 50ی دەنگی پێویستی بۆ بوون بە سەرۆك کۆمار بەدەستنەھێناوە.

له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار، ئیمانوێل ماکرۆن له ‌رێگه‌ی بەدەستھێنانی سەدا 27.6ی دەنگەکان براوەی یەکەمی گەڕی یەکەمی ھەڵبژاردنەکان بووە. مارین لو پێن-یش له‌ رێگه‌ی بەدەستھێنانی سەدا 23.41ی دەنگەکان براوەی دووەم بووە.

12 كاندیده‌كه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی فه‌ره‌نسا 2022
12 كاندیده‌كه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی فه‌ره‌نسا 2022

بەربژێری چەپڕەوی توندڕه‌و، جان-لوک مێلێنچۆن، سەدا 21.95، راستڕەوی توندڕه‌و، ئێریک زەمۆر سەدا 7.5 و بەربژێری پارتی کۆمارییەکان، ڤالێریی پیسەرێس سەدا 4.79ی دەنگەکانی بەدەستھێناوه‌.

هه‌روه‌ها سەرۆکی پارتی سەوزەکان و پەرلەمانتاری پەرلەمانی ئەورووپا، یانیک ژادۆت سەدا 4.58ی دەنگەکان و بەربژێری پارتی سۆسیالیست و سەرۆکی شارەوانی پاریس، ئانا ھیدالگۆ سەدا 1.74ی دەنگەکانی بەدەستھێناوه‌.

ماکرۆن و لۆپێن کە براوەی یەکەم و دووەمی گەڕی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانن، رۆژی 24ی نیسان لە گەڕی دووەمی ھەڵبژاردنەکاندا بەردەوامی بە کێبڕکێكه‌ دەدەن.

ئیمانوێل ماكرۆن و مارین لو پێن له‌ گه‌ڕی دووه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری فه‌ره‌نسا كێبڕكێ ده‌كه‌ن

ئەنجامە فەرمییەکانی گەڕی یەکەمی ھەڵبژاردنەکان رۆژی 13ی نیسان لەلایەن دادگای دەستوورییەوە رادەگەیه‌ندرێت. ئەو بەربژێرەی کە گەڕی دووەمی هه‌ڵبژاردنه‌كان دەباتەوە له‌ 13ی ئایار ئەرکەکەی وەردەگرێت.

ماکرۆن و لۆپێن لە ھەڵبژاردنی ساڵی 2017شدا لە ریزبەندی یەکەم و دووەمدا بوون و دوای ئەوەی ماکرۆن گەڕی دووەمی بە ئەنجامی سەدا 66.1 بردبوویەوە، وەک سەرۆك کۆمار ھەڵبژێردرابوو.

سه‌رچاوه‌: aa و AFP

Fly Erbil Advertisment