ماكرۆن: لەگەڵ فەرەنسایەکدا نیم دژی موسڵمان و جووەکان بێت
"فەرەنسایەکم دەوێت هەر لە ئەوروپا بمێنێتەوە و نەبێتە هاوپەیمانی پۆپۆلیست و توندڕەوەکان"

K24 - ههولێر:
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە دوای سەرکەوتنی لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەرەنسا و رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ مارین لۆپێن لە گەڕی دووەم، کە بڕیارە لە 24ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، لە گوتارێکدا رایگەیاند، من فەرەنسایەکم دەوێت لە دژی موسڵمان و جووەکان نەبێت. من فەرەنسایەکم دەوێت کە هەر لە ئەوروپا بمێنێتەوە و نەبێتە هاوپەیمانی پۆپۆلیست و توندڕەوەکان.
ماکرۆن له گوتارهكهیدا ئاماژهی بهوه كرد، فەرەنسایەکەم دەوێت بە هەموو توانایەکییەوە رووبەڕووی ئیسلامی توندڕەو دەبێتەوە، بەڵام لە رێگهی عەلمانێتییەکەوە، کە بڕوای بەوە بێت جیاوازەکان لە فەرەنسا جێیان دەبێتەوە و دەتوانن بە ئازادانە ئایینەکانی خۆیان پەیڕەو بکەن.
گوتیشی: من لەگەڵ فەرەنسایەکدا نیم کە دژی موسڵمان و جووەکان بێت. ئەوە ئێمە نین. من فەرەنسایەکم دەوێت کە بەشێکی گرنگ بێت لە ئەوروپایەکی بەهێز و هاوپەیمانێکی بەهێزیش بێت لەگەڵ وڵاتە زلهێزە دیموکراسییەکان، تاوەکو بتوانین بەرگری لە خۆمان بکەین، نەک فەرەنسایەک کە لە دەرەوەی ئەوروپا بێت و تەنیا هاوپەیمانەکانی پۆپۆلیستەکان و توندڕەوەکان بێت. ئەوە فەرەنسای ئێمە نییە.
ماكرۆن جهختی لهوه كردهوه، لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا، با هەوڵی زیاتر بدەین و هەموو لایەک قایل بکەین، کە فەرەنسا و ئەوروپا ببەینە قۆناغێکی نوێوە و پێکەوە فەرەنسا و ئەوروپا بەیەکگرتوویی بهێڵینەوە.