په‌رله‌مان كێشه‌ی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون تاووتوێ ده‌كات
بانگهێشتی وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه ده‌كات

K24- هه‌ولێر:
په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكرای ده‌كات، لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان، كێشە و گرفتی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون تاووتوێ ده‌كات.
په‌رله‌مانی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه، بەمەبەستی گفتوگۆكردن و دۆزینه‌ی میكانیزمێكی گونجاو بۆ چارەسەركردنی كێشه‌ی زەوییە كشتوكاڵییەکان لە سێكتەری وەبەرهێنان و تاووتوێكردنی كێشە و گرفتەكانی پڕِۆژەكانی نیشتەجێبوون، لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان له په‌رله‌مانی كوردستان، بەسەرپەرشتیی هاوڕێ مەلا ستار، سەرۆكی لێژنە و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆك و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژكارانی لیژنەكه، كۆبوونه‌وە.
په‌رله‌مانی كوردستان راشیگه‌یاند، له كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ و بەدواداچوون بۆ ئەو نووسراوانە كران كە بۆ لیژنەكە نێردرابوون، لەگەڵ ئەو نووسراوانەش كه لەلایەن لیژنەكەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار ره‌وانه كراون.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وه‌ش خرایه‌ڕوو، لیژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه و وه‌به‌رهێنان بەئامانجی دۆزینه‌وه‌ى میكانیزمێكی گونجاو بۆ چۆنیەتیی چارەسەركردنی كێشەی ئەو زەوییانەی كە كەوتوونەتە بەر پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لە سێكتەری وەبەرهێناندا، ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامدا.
په‌رله‌مانی كوردستان روونیكرده‌وه، لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان جارێكی دیكه‌ی داوایكرد بە زووترین كات ئەو پڕۆژە و پێشنیازه هەمواره‌ی یاسای وەبەرهێنان کە لەلایەن حكوومەتەوە ئامادە کراوە، بنێردرێتە پەرلەمانی کوردستان.
لیژنه‌كه جارێكی دیكه جەختی لە بانگهێشتكردنی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه.
