پێنتاگۆن: رووسیا ئاماده‌كاری بۆ هێرشێكی نوێ ده‌كات
هێزه‌كانی رووسیا پێگه‌كانی له رۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا پته‌و ده‌كات و سه‌دان تانك و زریپۆشیش ره‌وانه‌ی بێلارووس ده‌كات

K24- هه‌ولێر:
به‌رپرسێكی باڵا وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا "پێنتاگۆن" رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر پێدانی زانیاری هه‌واڵگری به ئۆكرانیا و كاركردن له‌گه‌ڵ هاوبه‌ش و هاوپه‌یمانه‌كانی بۆ دابینكردنی سیسته‌می به‌رگریی مووشه‌كه دوورمه‌وداكان بۆ ئه‌و وڵاته به‌رده‌وامن.
به‌گوێره‌ی كه‌ناڵی حوڕه، ئه‌و به‌رپرسه كه ئاماژه به ناوی نه‌كراوه، ره‌تیكرده‌وه هیچ پلانێك بۆ مه‌شقپێكردنی هێزه‌كانی ئۆكرانیا له ئه‌مه‌ریكا هه‌بێت و روونیكرده‌وه، "ئه‌و گرووپه‌ی به‌مدواییانه راهێنانیان پێكراوه، به‌ر له ده‌ستپێكردنی هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا بووه و پلانه‌كه‌ی به ماوه‌یه‌كی زۆر به‌ر له ئێستا هه‌بوو".
له‌باره‌ی دۆخی مه‌یدانیش ئه‌و به‌رپرسه‌ی پێنتاگۆن ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "ماوه‌ی دوو رۆژه هێرشه مووشه‌كییه‌كانی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا كه‌میكردووه و هێزه‌كانی رووسیا گرنگییه‌كی زیاتر به رۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا ده‌ده‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هێزی زیاتری سه‌ربازی و پێداویستییه‌كانی جه‌نگ له دۆنباس كۆده‌كاته‌وه، له ئازیۆمیش هه‌وڵ ده‌دات پێشڕه‌وی بكات".
هه‌روه‌ها گوتی: رووسیا پێگه‌كانی له باشووری شاری دۆنیتسك له هه‌رێمی دۆنباس پته‌و ده‌كات و نزیكه‌ی 55 كه‌تیبه و یه‌كه‌ی شه‌ڕكه‌ری له نێوان هه‌رێمه‌كانی خێرسۆن و لۆهانسك له رۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته بڵاوكردوونه‌ته‌وه.
روونیشیكرده‌وه، یه‌كه سه‌ربازییه‌كانی رووسیا، كه پێشتر له ده‌وروبه‌ری كیێڤی پایته‌ختی ئۆكرانیا كشاونه‌ته‌وه، ئێستا به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته چوون.
هه‌روه‌ها هێرشێكی ئاسمانیی بۆ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی دێنیپرۆی پشتڕاستكرده‌وه، كه ژماره‌یه‌ك دامه‌زراوه‌ی كرده ئامانج، به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌كیش نییه كه سیسته‌می دژه‌مووشه‌كی ئێس- 300 تێكشكێنرابێت.
سه‌باره‌ت به ده‌ستكه‌وته‌كانی سوپای رووسیاش له‌ناو خاكی ئۆكرانیا، ئه‌و به‌رپرسه ئه‌مه‌ریكییه گوتی: خێرسۆن تا ئێستاش له‌ژێر كۆنترۆڵی رووسه‌كانه، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یتوانیوه مێكۆلایێڤ له باشوور كۆنترۆڵ بكات، له‌كاتێكدا شه‌ڕێكی سه‌خت له ماریوپۆل له باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته به‌رده‌وامه، به‌بێ ئه‌وه‌ی توانیبێتی كۆنترۆڵی بكات.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به هه‌وڵه‌كانی رووسیا بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی توانا سه‌ربازییه‌كانی له ماریوپۆل له‌ڕێگه‌ی كه‌شتییه جه‌نگییه‌كانی له ده‌ریای ئازۆڤ كرد.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، مارك مێلی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی هاوبه‌شی ئه‌مه‌ریكا له‌ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه په‌یوه‌ندیی به ڤالێری زالیزنی، هاوتا ئۆكرانییه‌كه‌یه‌وه كرد و له گفتوگۆكانیان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و خۆڕاگرییه كرایه‌وه، كه هێزه‌كانی ئۆكرانیا به‌رامبه‌ر به هێرشی رووسیا نیشان ده‌ده‌ن و جه‌ختیشی له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له پێدانی هاوكاریی زیاتری سه‌ربازی به ئۆكرانیا كرده‌وه.
H.B