چوارچێوەی هەماهەنگی داوای دەستخستنە ناو دەست دەکات
"بە دوای تاکڕەوی و پەراوێزخستنی هیچ لایەنێکەوە نین"
K24 - هەولێر
چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت لە کاری هاوبەش و پێکەوەبوونی لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکاتەوە.
دوای کۆبوونەوەی ئێوارەی دوێنێی، چوارچێوەی هەماهەنگی راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "بەبێ هاوکاری و پێکەوە بوون و دەستخستنە ناو دەستی یەکتر، هیچ لە بەرژەوەندی خەڵک بەدی نایەت"، ئەم هەڵوێستەی چوارچێوەکە لە کاتێکدایە، کە تاوەکوو ئێستا بە زامنکردنی یەک لە سێی پەرلەمان بوونەتە هۆکاری پەکخستنی پرۆسەی سیاسی و پەرلەمانی عێراق.
هەروەها رایانگەیاندووە، چوارچێوەی هەماهەنگی بەدوای تاکڕەوی دەسەڵات و پەراوێزخستنی هیچ لایەنێکەوە نییە، بەڵکو بە پەرۆشە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکان، هەر بۆیە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ درێژکردنەوەی ماوەی پەکخستنی پرۆسەی سیاسی نییە، کە بەرژەوەندییەکانی خەڵک تێک بدات.
چوارچێوەی هەماهەنگی رەخنەیان لە حکومەتی ئێستای عێراق گرتووە و ئاماژەیانداوە، حکومەتێکی کاربەڕێکەر بووەتە هۆکاری بەفیڕۆدانی سامانی وڵات، بۆ ئەمەش داوایان لەدەسەڵاتی دادوەری کردووە، رێگری لە حکومەت بکەن، بۆ ئەوەی چیتر پێشێلی یاسا و رێنماییە بەرکارەکان نەکات.
