له‌ ئه‌ڵمانیا حكومه‌تی هه‌رێم به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ره‌هه‌نده‌ داراییه‌كانی داعش ده‌كات

لەم کۆبوونەوەیەدا هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ نه‌هێشتنی سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی رێكخراوی داعش دەخرێنە ڕوو

دیمه‌نێكی شاری به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا
دیمه‌نێكی شاری به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا

K24- هه‌ولێر:

حکومەتی هەرێم بەشداریی لە کۆبوونەوەی لێکۆڵینەوە لە رەهەندە داراییەکانی رێکخراوی داعش دەکات، كه‌ لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

رۆژی 13/4/2022 لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کۆبوونەوەیەك ئەنجامدەدرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە رەهەندە داراییەکانی رێکخراوی داعش. لەم کۆبوونەوەیەدا هه‌ریه‌ك له‌ نوێنەری حکومەتی هەرێم، کریستن ریتسچیر، سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، نوێنەری تیمی هەماهەنگیکاری نیشتمانی لەگەڵ تیمی یونیتاد (NCC) و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئامادە دەبن.

د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەری حکومەتی هەرێم لەو کۆبوونەوەدا رایگەیاند: دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش دەستیان بەسەر چەند ناوچەیەکی عێراق و سوریادا گرت، کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی هەنگاوەکانی دەستپێکرد بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی "داعش"، سەرەتا لە ساڵی 2015 ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە (2199)ی دەرکرد بۆ رێگریكردن لە پاره‌داركردنی داعش و بەرەی نوسرە لە عێراق و سووریا.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە رۆڵی حکومەتی هەرێم لەو بوارەدا گوتی: حکومەتی هەرێم لە ماوەی نێوان ساڵانی  2014 بۆ 2020 لێکۆڵینەوەی زۆری ئەنجامداوە سەبارەت بە سەرچاوە داراییەکان و تەمویلکردنی تیرۆریستانی داعش، کە بەشێکی زۆری بریتی بوو لەو پارەیەی بەرامبەر بە رزگارکردنی ئەو کەسانە دەستی دەکەوت کە دەیانڕفاندن. لەم کۆبوونەوەیەدا هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم دەخرێنە ڕوو، هاوکات باس لە میکانیزمەکانی ئاڵوگۆڕی زانیاری دەکری لەبارەی دیاریکردنی سەرچاوەکانی داهاتی داعش و ئەو لایەنانەی کە هاوکاریی داراییان کردووە بە ئامانجی دادگایی کردنیان.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی هەنگاوەکانی داعش بۆ بەهێزکردنی سەرچاوە داراییەکانی گوتی: تیرۆریستانی داعش سوودیان لە لاوازی سیستمی بانکی و دارایی عێراق وەرگرت بۆ بەهێزکردنی سەرچاوە داراییەکانی، ئه‌مه‌ش بە هاوکاری ژمارەیەك کەس و کۆمپانیا و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو کە لە دەرەوە و له‌ رێگای جیاوازەوە پارەیان بۆ دەهات، زۆر جار لە عێراق دەنێردرایە دەرەوە دواتر دووبارە بە شێوازی جۆراوجۆر دەگەڕێندرایەوە ناوچەکانی ژێڕ دەسه‌ڵاتی داعش لە عێراق بەر لە رزگارکردنی ئەو ناوچانە.

سەبارەت بە سەرچاوە داراییەکانی داعشیش گوتی: داعش بەشێوازی جیاجیا داهاتی دەست دەکەوت، لەوانە: به‌قاچاخبردن و فرۆشتنی نه‌وت، شوێنەوار، سه‌پاندنی باج و گومرگ به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا، ئازادکردنی دیل بە پارە، سەرچاوەی داھاتی ناوخۆیی ئەو شوێنانەی لەژێر دەستی بوون و دەستبەسەرداگرتنی بانکەکان، بەڵام دوای نەمانی دەسەڵاتی بەسەر شارەکاندا، هه‌موو ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ پاره‌یان بۆ ده‌هێنایه‌ ناوه‌وه‌.

H.B

Fly Erbil Advertisment