له نیویۆرك په‌لامارێكی چه‌كداری 16 برینداری لێكه‌وته‌وه
به‌و هۆیه‌وه جووڵه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كان په‌كی كه‌وتووه

K24 – هه‌ولێر:
له ببروكلینی شاری نیویۆرك كه‌سێك به هه‌ڕه‌مه‌كی ته‌قه‌ی كرد و 16 كه‌سی بریندار كردن و 8 له برینداره‌كان راسته‌وخۆ فیشه‌ك به‌ریان كه‌وتووه و برینیان سه‌خته.
رووداوه‌كه له وێستگه‌یه‌كی شه‌مه‌نده‌فه‌ر روویداوه و به‌و هۆیه‌وه جووڵه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كان په‌كی كه‌وتووه.

برینداره‌كان گواستراونه‌ته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه و پۆلیس گه‌مارۆی شوێنی رووداوه‌كه‌ی داوه و سه‌رقاڵی پایدۆزی تۆمه‌تباره‌كه‌ن.
تیمه ئه‌منییه‌كان و شاره‌زایانی پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی بۆمب له شوێنی رووداوه‌كه بڵاو بوونه‌ته‌وه بۆ پشكنینی ناوچه‌كه.
ئاژانسی وێستگه‌كانی نیویۆرك بڵاویكرده‌وه، چه‌ند بۆمبێكیان دۆزیوه‌ته‌وه، كه به مه‌به‌ستی ته‌قاندنه‌وه‌یان دانرابوون.

لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان داوایان له دانیشتوان و خه‌ڵكی پیاده‌ڕۆی ناوچه‌كه كردووه دوور بكه‌ونه‌وه.
پۆلیس به دوای كه‌سێكدا ده‌گه‌ڕێت، كه ده‌وترێت به ماسكێكی تایبه‌ت به خۆپاراستن له غاز رووخساری داپۆشیوه و جلێكی پرته‌قاڵی له‌به‌ر بووه.
وته‌بێژی پۆلیسی نیویۆرك به ئاژانسی هه‌واڵده‌ری فه‌ره‌نسایی راگه‌یاندووه، كاتژمێر (08:27) به كاتی نیویۆرك، پۆلیس له رێی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنییه‌وه ئاگادار كراوه‌ته‌وه، كه كه‌سێك له وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ری برۆكلین بریندار بووه.

كۆشكی سپی ئه‌مه‌ریكا، رایگه‌یاند، سه‌رۆكی وڵاته‌كه جۆ بایدن، چاودێری ره‌وشه‌كه ده‌كات.
جین ساكی، وته‌بێژی كۆشكی سپی رایگه‌یاند، بایدن رێكاری به‌رگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری چه‌ك ده‌گرێته به‌ر.
كاثی هۆشول، سه‌رۆكی یه‌كه‌ی ئیداری ویلایه‌تی نیویۆرك رایگه‌یاند، به وردی چاودێری ره‌وشه‌كه ده‌كات و لێكۆڵینه‌وه‌یان له رووداوه‌كه ده‌ستپێكردووه.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی شاره‌وانی نیویۆرك، ئه‌ریك ئادامز، رایگه‌یاند، له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه پلانێكی داڕشتووه بۆ به‌رگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری چه‌ك.
له چاره‌كی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا، 260 حاڵه‌تی ته‌قه‌كردن له نیویۆرك تۆمار كراون، له كاتێكدا له هه‌مان ماوه‌ی ساڵی رابردوودا 296 حاڵه‌ت تۆمار كرابوون.




سه‌رچاوه: AFP، الجزیرة، تویته‌ر