سه‌رۆكی ئۆكرانیا: پێویسته‌ وڵاتانی ئەوروپی دوا وادەی خۆیان بۆ کڕینی نەوت و غازی رووسیا رابگەێنن

"شەڕی رووسیا ئەوروپای خستووه‌تە بەردەم پرسیارێکی ستراتیژی"

K24- هه‌ولێر:

سەرۆکی ئۆکرانیا داوا دەکات، وڵاتانی ئەوروپی دوا وادەی خۆیان بۆ کڕینی نەوت و غازی رووسیا رابگەێنن، چونكه‌ وه‌ك دووپاتیكرده‌وه‌، تا ئه‌و كاته‌ی بازرگانی لەگەڵ رووسیا بکرێت و کۆمپانیا ئەوروپییەکان لە بازاڕەکانی رووسیا بمێننەوە، پوتن شەڕ راناگرێت.

ئه‌م داواكاریه‌ی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە گوتارێکدا بۆ پەرلەمانی لیتوانیا هاتوون و رایگەیاند، "شەڕی رووسیا ئەوروپای خستە بەردەم پرسیارێکی ستراتیژی، کە ئایا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە یەکگرتوویی و پاراستنی بەهاکانیان لەناویاندا ماوە، یان ئەوروپا تەنیا وەك پێشانگەیەکی گەشتوگوزارییە و گەشتیاران سەردانی دەکەن؟".

زێلێنسكی گوتی: رووسیا لۆژیکێکی هەیە، کە پێیوایە هەمووان لە ئەوروپا پێویستیان بە بازرگانییە، پێویستیان بە نەوت و غازە، هەمووان پێویستییان بە بازاڕی رووسیایە و پێویستییان بەوەیە، خاکی رووسیا بۆ گواستنەوەی کەلوپەکانیان بەکاربهێنن".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "نابێ کۆمپانیاکان چاوەڕێ بکەن بزانن رووسیا چ هەنگاوێکی دیکە دەنێت، دەبێت لەئێستاوە بڕیار بدەن و لە بازاڕەکانی رووسیا بکشێنەوە، چونکە بەو شێوەی ئێستا هەیە، رووسیا هەڵسوکەوتی خۆی ناگۆڕێت".

زێلێنسكی دووپاتیكرده‌وه‌، "پێویستیمان بەوەیە و چاوەرێی ئەوەش دەکەین، کە پاکێجی شەشەمی سزاکانی سەر رووسیا زۆر توند بن و کەرتی نەوت و غازی ئەو وڵاتە بگرێتەوە. دەمانەوێت وڵاتانی ئەوروپی دوا وادەی خۆیان بۆ بەکارهێنانی وزەی رووسیا رابگەێنن. ئەمە تاکە رێگەیە، بۆ ئەوەی رووسیا له‌وه‌ تێبگات، كه‌ شەڕ کارەساتە بۆ هەمووان و دەبێ شەڕ رابگیرێت".

ئه‌م گوتانه‌ی زێلێنسكی دوای ئه‌وه‌ هاتوون، هه‌ر ئه‌مڕۆ ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا جه‌ختی كرده‌وه‌، تا ئامانج و مه‌رامه‌ دیاریكراوه‌كانیان له‌ ئۆكرانیا نه‌پێكن، ده‌ست له‌ كرده‌ سه‌ربازییه‌كه‌یان له‌و وڵاته‌ هه‌ڵناگرن.

H.B