به‌ڕێوبه‌ری گشتیی سه‌رچاوه‌كانی ئاو: به سیاسیكردنی دۆسیه‌ی ئاو ره‌تده‌كه‌ینه‌وه
هه‌وڵه‌كانی به‌غدا بۆ رێگرتن له درووستكردنی به‌نداو گوماناوین

K24 – هه‌ولێر:
د. كاروان سه‌باح هه‌ورامی، به‌ڕێوبه‌ری گشتیی سه‌رچاوه‌كانی ئاو له هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، سیاسه‌تی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت له خزمه‌تی خه‌ڵكی خۆماندا بێت و ئێمه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك به سیاسیكردنی دۆسیه‌ی ئاو و ده‌ستوه‌ردانی سیاسی له‌و پرسه ره‌تده‌كه‌ینه‌وه.
هه‌رێمی كوردستان له به‌رنامه‌یدایه، ژماره‌یه‌ك به‌نداو بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاوی سه‌رزه‌وی هه‌رێمی كوردستان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ئاوی ژێر زه‌وی و به‌راوردكردنی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان درووست بكات، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌ی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته جێی نیگه‌رانی به‌غدا و ئه‌وان ده‌ڵێن نابێت بێ هه‌ماهه‌نگی به‌غدا هیچ به‌نداوێك درووست بكرێت.
هاوكات حكومه‌تی عێراق رایگه‌یاندووه، ده‌بێت ئه‌و به‌نداوانه‌ی هه‌رێم درووستیان ده‌كات، له جۆری به‌نداوی كارۆئاوی بن و ئامانج لێیان گلدانه‌وه‌ی ئاو نه‌بێت ته‌نیا، به‌ڵكو بۆ به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با بن، بۆ ئه‌وه‌ی ئاوه‌كه به‌ربدرێته‌وه و پاشه‌كه‌وت نه‌كرێت.

له باره‌ی به‌نداوه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، د. كاروان سه‌باح هه‌ورامی، به‌ڕێوبه‌ری گشتیی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێمی كوردستان له میانه‌ی به‌شداریكردنی له گه‌شتی هه‌واڵه‌كانی كوردستان24 رایگه‌یاند، ئه‌و به‌نداوانه‌ی له هه‌رێمدا هه‌ن توانای گلدانه‌وه‌ی ئاویان نزیكه له 10 ملیار مه‌تر سێجا، به‌ڵام ئه‌م بڕه به‌راورد به سه‌رچاوه‌كانی ئاو، رووبه‌ری زه‌وی كشتوكاڵی و ژماره‌ی دانیشتوان كه‌مه، پێویسته زیاتر بكرێت.
وتیشی: به هۆی وشكه‌ساڵی و گۆڕانی كه‌شوهه‌وا خودی به‌نداوه‌كان پڕ نین و به توانای گلدانه‌وه‌ی ئاوی خۆیان كار ناكه‌ن.
روونیكرده‌وه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بیر له پلانی دیكه ده‌كاته‌وه، له‌وانه درووستكردنی به‌نداوی به‌ربه‌ستی خاكییه و ئه‌م جۆره بڕێكی كه‌متر ئاو گلده‌ده‌نه‌وه، كه تا ملیۆنێك مه‌تر سێجا ئاویان تێدا گلده‌درێته‌وه، ده‌كرێت چه‌ند گوندێك لێیان سوودمه‌ند بن و ره‌نگه به بارانێكی كه‌میش پڕ ببنه‌وه.
له باره‌ی پلانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، به‌ڕێوبه‌ری گشتیی سه‌رچاوه‌كانی ئاو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت له رێی سیستمێكی نوێوه كه‌رتی ئاو پێشبخات.

له باره‌ی ئه‌و سیستمه‌وه گوتی: حكومه‌ت بێ ئه‌وه‌ی پاره له بودجه‌ی گشتیی خه‌رج بكات، ئاو گلده‌داته‌وه، ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی هاندانی كه‌رتی وه‌به‌رهێنانه بۆ ئه‌وه‌ی روو له كه‌رتی ئاو بكه‌ن و به‌نداو درووست بكه‌ن و سه‌رمایه له‌و بواره‌دا خه‌رج بكه‌ن، له لایه‌كه‌وه وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه سوود ده‌بینێت و له لایه‌كی دیكه‌وه خه‌ڵك و حكومه‌ت و كه‌رتی كشتوكاڵ و گه‌شتیاری لێی سوودمه‌ند ده‌بن.
ئاشكراشیكرد، ئێستا به‌شێك له‌و به‌نداوانه‌ی جێبه‌جێ ده‌كرێن به‌و سیستمه بنیاتده‌نرێت و بۆ نموونه 3 به‌نداو له قۆناغی درووستكردندان و سه‌رمایه‌یان له لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌رانه‌وه دابین كراوه.
سه‌باره‌ت به سامانی ئاو له هه‌رێم و مه‌ترسییه‌كانی وشكه‌ساڵی، وتی: به‌داخه‌وه دوو ساڵی وشكمان تێپه‌ڕاند و ئاستی ئاوی سه‌رزه‌وی و ژێرزه‌وی و رووباره‌كان زۆر كه‌مبووه‌ته‌وه. ساڵێكی سه‌خت له پێشمانه.
بۆ به‌رگرتن له مه‌ترسییه‌كانی وشكه‌ساڵی، وتی: وه‌ك به‌ڕێوبه‌رایه‌تی خۆمان خه‌ریكی ئاماده‌كردنی راپۆرتێكی زانستیین له باره‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاو و كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رهه‌می كشتوكاڵی.
ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو، وه‌رزی سه‌رمای ئه‌مساڵ له ژێر كاریگه‌ری گۆڕانی كه‌شوهه‌وا بوو، به‌و هۆیه‌وه، له هه‌ندێك شوێن به‌فرێكی زۆر باریوه، به‌ڵام ئاستیی باران نه‌گه‌یشتووه‌ته له‌سه‌دا چلی ساڵانی رابردووی، چه‌ند شوێنێك ئاستی باران گه‌یشتووه‌ته سه‌دا هه‌شتای ناوه‌ندی ئاستی بارانی چاوه‌ڕوانكراویان.

له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، هه‌ڵكه‌ندنی بیر چاره‌سه‌ر نییه بۆ كێشه‌ی كه‌مئاوی، به‌ڵام رۆژانه خه‌ڵكێكی زۆر داوای بیر ده‌كات و بۆ چاره‌سه‌ری هه‌ندێك حاڵه‌تی زۆر پێویست رێگه‌پێدانمان كردووه‌ته‌وه به‌و رێكاره یاساییانه‌ی، كه هه‌ن بۆ هه‌ڵكه‌ندنی بیر به مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی زه‌حمه‌تی سه‌ر شانی خه‌ڵك.
به‌ڕێوبه‌ری گشتیی سه‌رچاوه‌كانی ئاو سه‌باره‌ت به سیاسیكردنی پرسی سامانی ئاو ره‌تیكرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان هیچ مه‌به‌ستێكی سیاسی له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرسی ئاو هه‌بێت و گوتی: به‌غدا كاتێك ده‌یه‌وێت جۆری ره‌گه‌زی به‌نداوه‌كانی هه‌رێم دیاری بكات، داواكارییه‌كه‌ی جێی گومانه و ناكرێت خه‌ڵكی ئێمه تێنوویان بێت و زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانمان وشكههڵگهڕێن و كه‌رتی كشتوكاڵ له‌ناو بچێت و سامانی ئاوی هه‌رێم بۆ هاووڵاتیانمان به‌كار نه‌هێنین.
د. كاروان سه‌باح هه‌ورامی روونیشیكرده‌وه، به‌داخه‌وه ئه‌وان له رووی میدیاییه‌وه زۆر ره‌واجیان به بابه‌تی ره‌تكردنه‌وه‌ی به‌نداوه‌كان دا، كه مه‌به‌سته‌كه سیاسیی بوو، چونكه مانای نییه خه‌ڵك ئاوی خواردنه‌وه‌ی نه‌بێت و به‌غدا نه‌هێڵێت به‌نداو درووست بكرێت. ئه‌و به‌نداوانه‌ی هه‌مانه به رێژه‌یه‌كی زۆر خزمه‌ت به ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق ده‌كه‌ن، گه‌وره‌ترین دوو به‌نداوی دوكان و ده‌ربه‌ندیخان راسته له سوودی هه‌رێمن، به‌ڵام ئامانج له درووستكردنیان سوودگه‌یاندن بووه به ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق.
وتیشی: له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا ناكرێت سیاسه‌تی ئاوی به‌و جۆره به‌رده‌وام بێت، خه‌ڵكی ئێمه پێویستیان به ئاوه، ئه‌وان ده‌ڵێن ئێمه پلانی ستراتیژیمان هه‌یه و ده‌بێت له‌و پلانه ده‌رنه‌چن، ئه‌مه بۆ خۆی گومان درووست ده‌كات و ئه‌وان بۆ ده‌یانه‌وێت جۆرێتی ئه‌و بهنداوانهمان بۆ ده‌ستنیشان بكه‌ن و ئێمه بڕوامان وایه نابێت هیچ ده‌ستوه‌ردانێكی سیاسی له پرسی ئاودا هه‌بێت.