بۆ رێگری لە کاریگەرییەکانی خۆڵباران عێراق پێویستی بە زیاتر لە 15 ملیار درەختە
"نزیکەی 15%ی خاکی عێراق بووەتە بیابان"

K24 - هەولێر
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایدەگەیەنێت، بۆ رێگری کردن لە کاریگەرییەکان خۆڵباران، عێراق پێویستی بە روواندنی زیاتر لە 15 ملیار دەرخت هەیە.
حەمید نایف، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە کاریگەری شەپۆلەکانی خۆڵباران، عێراق پێویستی بە روواندنی زیاتر لە 15 ملیار درەخت هەیە، جگە لە کەمی بارانبارین، کەمی رووبەری سەوزایی و ناوچە کشتوکاڵییەکانیش بە هۆکاری روودانی خۆڵبارین دەزانێت.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق پێویستی بە بەرنامەیەکی نیشتمانی هەیە، بۆ ئەوەی بە روواندنی دار خورما و فستق و زەیتون، جگە لە سوودی مادیشیان رێگری لە خۆڵبارین بکرێت، بۆ ئەمەش مەزەندە دەکرێت عێراق پێویستی رواندنی 15 ملیار و 200 ملیۆن داری هەبێت.
هەروەها ئاشكرایکردووە، تاوەکوو ئێستا 26 ملیۆن و 778 هەزار و 563 دۆنم زەوی تووشی بەبیابان بوون هاتووە، کە دەکاتە نزیکەی 15%ی خاکی عێراق.