ئەنجومەنی وەزیران ناوه‌ڕۆكی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا تاووتوێ دەکات

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هەڵگرتنی رەسمی گومرگی لەسەر ئاژەڵی هاوردەکراو لە مانگی رەمەزان بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت و چەند پرسێکی دیكه‌ش دەخرێتەڕوو

كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.. ئه‌رشیڤ
كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.. ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگه‌یاند، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە (13ی نیسان/ ئه‌پرێلی 2022) بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجام دەدات.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا پوختەی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراقی فیدراڵ دەخرێتەڕوو.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەش، گفتوگۆ لەبارەی پێداچوونەوە بە میکانیزمی کارکردن لەناو حکومەتی هەرێم، بە ئاراستەی برەودان بە لە ئەستۆگرتنی لێپرسراوێتی و باشتر راییکردنی کارەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت.

لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەش رەشنووسی (پەیڕەوی ناوخۆی بازرگانی و تۆمارنامەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان – عێراق) و رەشنووسی پڕۆژە یاسای نوێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان دەخرێنەڕوو، بۆ دەنگدان لەسەریان.

بڕگەی کۆتاییش پێشنیاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەبێت، تایبەت بە هەڵگرتنی رەسمی گومرگی لەسەر ئاژەڵی هاوردەکراو لە مانگی رەمەزانی پیرۆز، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی هەرێم دەخرێتەڕوو.

 

Fly Erbil Advertisment