رووداوێکی هاتووچۆی سەخت لە هەولێر روویدا
کەسێک گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو

K24 – هەولێر
لەسەر شەقامی 120 مەتری هەولێر، رووداوێکی هاتووچۆی سەخت روویدا بەو هۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بە سەختی برینداربوو.
فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند: "کاتژمێر 1:30 بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر شەقامی 120 مەتری، لە نزیک بەشی مۆڵەتی هاتووچۆی هەولێر، نیسان ماکسیمایەکی تایبەت کە شوفێر و سەرنشینێکی تێدا بوو بە خێراییەکی زۆرەوە لە دیوی فڕۆکەخانەی هەولێر بە ئاراستەی رێگای کەرکووک دەڕۆیشت، لەناکاو بەهۆی تیژڕۆییەکەی کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و بەرەو راگری سەرناوبڕەی شەقامەکە رۆیشت و خۆی پێداکێشا، دواتر خۆی کێشا بە دوو ستوونی کارەبا، کە دووری نێوان ستوونەکانی کارەبا نزیکەی 70 مەترە، پاشان بەردەوام بوو تاکو گەیشتە ستوونی سێیەم و خۆی بەویش داکێشا ئینجا وەستا".
دەشڵێت: "کاتێک سنووری خێرایی دەبەزێنرێت و خێرایی ئۆتۆمبێلەکان دەگاتە ئاستێکی مەترسیدار، بێگومان دەبێت چاوەڕوانی کارەسات بین".
وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر راشیگەیاند: "بەداخەوە لە دەرەنجامی رووداوەکە شوفێرەکە گیانی لەدەستدا و سەرنشینێکیش بەسەختی برینداربوو، سێ ستوونی کارەباش کەوتووەو 75 مەتر گاردێلی رێگایەکە تێکچوو، بڕی زیانەکان و دووری نێوان ستوونەکان و کەوتنیان و کەوتنی ئەو هەموو گاردرێلە خۆی گەواهیدەری خێرایی ئۆتۆمبێلەکەیە بەر لە رووداوەکە".
فازڵ حاجی دەڵێ: "هیوادارین ئەو کارەساتە پەیامێک بێت بۆ ئەو گەنجانەی کە درەنگانی شەو ئەوشەقامەیان کردووەتە شوێنی پێشبڕکێکردن، وابزانن بە بەردەوامیان لەسەر ئەو کارە رۆژێک دێت سەرەی ئەوانیش بێت".