كازمی: ئه‌گه‌ر ببمه‌وه سه‌رۆك وه‌زیران هه‌وڵ ده‌ده‌م كۆنترۆڵی چه‌كی ده‌ستی میلیشیاكان بكه‌م
"كار بۆ پته‌وكردنی سه‌روه‌ری عێراق ده‌كه‌م.. پێویستیمان به پشتگیری به‌رده‌وامی ئه‌مه‌ریكایه"

K24- هه‌ولێر:
مستەفا کازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه، ئەگەر ببێتەوە سەرۆك وەزیران، هەوڵ دەدات کۆنترۆڵی چەکی دەستی گرووپە میلیشیاکان بکات و سەروەری عێراقیش پتەوتر بکات.
کازمی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمه‌ریکی دووپاتیكرده‌وه، ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران، ئەوا یەکەم هه‌نگاوی پتەوکردنی سەروەری خاکی عێراق دەبێت، بۆ ئه‌وه‌ی رێگری لە دەستوەردانی دەرەکی بكرێت.
هه‌روه‌ها گوتی: کاری دووەمی کۆنترۆڵکردنی چەکی دەست گرووپە میلیشیاکان ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بێنەوە ژێر فەرمانی دەوڵەت.
هەر لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا، کازمی هیوای خواست، ئەمه‌ریکا و ئێران لەسەر بەرنامەی چەکی ناو‌کی تاران رێکبکەون و گوتیشی: "پێویستیمان بە رێککەوتنێکە، کە سەقامگیریی بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکە، چونکە ناوچەکەمان بەرگەی جەنگ و ململانێی زیاتر ناگرێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمه‌ریکاش، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گوتی: بەغدا باوه‌ڕی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمه‌ریکا هه‌یه و پێویستیشیان بە پشتگیریی بەردەوامی ئەمه‌ریکا هەیە.
ئه‌م گوتانه‌ی كازمی له‌كاتێكدان، كه به‌شێك له گرووپه چه‌كداره له‌یاسا ده‌رچووه‌كان به‌رده‌وام ئه‌مه‌ریكا به "هێزێكی داگیركا‌ر" ناوده‌به‌ن و داوای چوونه ده‌ره‌وه له عێراق ده‌كه‌ن و له ئه‌گه‌ری ده‌رنه‌چوونی هێزه بیانییه‌كان و به‌تایبه‌تیش هێزی ئه‌مه‌ریكا، هه‌ڕه‌شه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كدارییان لێ ده‌كه‌ن.
H.B