تورکیا گەورەترین هاوبەشی ئابووری هەرێمی كوردستانە

لە ئاستی سیاسیدا تورکیا مامەڵەی فەرمی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەكات

هێڵێكی گواستنه‌وه‌ی بازرگانی نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستان
هێڵێكی گواستنه‌وه‌ی بازرگانی نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا لەدوای ساڵی 2007ـه‌وە بەخێرایی پەرەیسەندووە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2007دا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا یەك ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام ئێستا نزیکەی 11 ملیار دۆلارە، ئەمە لە کاتێکدایە تورکیا گەورەترین هاوبەشی ئابووری هەرێمی كوردستانە و تاکە دەروازەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیشە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

لە ماوەی رابردووشدا چەندین سەردان لە نێوانیان بەرپرسانی تورکیا و هەرێمی کوردستاندا هەبووە، گرنگترین سەردانیش لە ساڵی 2013 بوو، کاتێک سەرۆک بارزانی سەردانی دیاربەکری کرد.

هه‌رچه‌نده‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا کۆنن، بەڵام به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی دوای روخاندنی حکومەتی بەعس لە عێراق پەیوەندییەکان به‌ره‌و باشتربوون چوون، تاوەکو گه‌یشته‌ ئاستی ره‌نگدانه‌وه‌ی بۆ هه‌موو بوارەکان، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی باڵا سه‌ردانی ئه‌نقه‌ره‌ و هه‌ولێر كرا و رێككه‌وتنی هه‌مه‌جۆر له‌نێوان هه‌ردوولا واژۆكرا.

لە ئاستی سیاسیدا تورکیا مامەڵەی فەرمی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەكات و ساڵی 2011 رەجەب تەیب ئەردۆغان، کە ئەو کاتە سەرۆک وەزیرانی تورکیا بوو، هاتە هەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێری کردەوە.

ئەم سەردانانە چەند جارێک بەردەوام بوون، هەروەها لەلایەنی کوردستانیشەوە چەندین جار شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆك بارزانی چوونەتە تورکیا و لەسەر ئاستی باڵا پێشوازییان لێکراوە و چەندین جار ئاڵای کوردستانیش لە مەراسیمی پێشوازی لێکردنیان دانراوە.

گرنگترین سەردان لە ساڵی 2013 بوو، کاتێک سەرۆک بارزانی سەردانی دیاربەکری کرد و لەوێ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆمار کۆبووەوە، تایبەت بە پرسی چارەسەری ئاشتی و کۆتاییهێنان بە کێشەی کورد لە تورکیا، کە لەوێ بە هەزاران کەس بە ئاڵای کوردستانەوە پێشوازیان لە سەرۆک بارزانی کرد و بە دروشمی بەخێربێی بۆ "ماڵا خۆ" بەخێرهاتنی سەرۆک بارزانیان کرد.

لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، هەرێمی کوردستان و تورکیا ھەوڵیانداوە پەیوەندییەکی پتەویان هەبێت، تاوەکو بتوانن بەسەر بەربەستە سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکەدا زاڵ بن و دۆخێک لە ناوچەکە دروست بکرێت، کە پارێزگاری لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکرێت.

پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوانیان، لەدوای ساڵی 2007ـه‌وە بەخێرایی پەرەیسەند. لەکاتێکدا لە ساڵی 2007 دا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا یەك ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بوو. لە ساڵی 2013دا گەیشتە لووتکە بۆ 8 ملیار دۆلار بەرزبووەوە.

توركیا ده‌خوازێت پەیوەندییه‌كانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پتەوتر بكات بۆ به‌هێزتربوونی ستراتیژییەتی خۆی لەناوچەکە، بەتایبەت‌ لە رووی سیاسی و ئابووری. هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوە، تورکیا بە دەروازەیەکی گرنگ دەبینێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە رووی سیاسیی و ئابووری.

پێگەی هەرێمی کوردستان لە بازرگانی دەرەکی تورکیا لە پلەی 19وە لە ساڵی 2007دا بۆ پلەی سێیەم لە 2013دا بەرزبووەوە، بۆ هەرێمی کوردستانیش تورکیا یەکەم هاوبەشی بازرگانییە و لە ستراتیژی بازرگانی هەرێمی کوردستاندا گرنگی تایبەتی هەیە.

 

Fly Erbil Advertisment