د. رێبوار بابكه‌یی: گرنگیدان به كه‌رتی وزه‌ی هه‌رێم له ئه‌وله‌ویه‌تی ستراتیژییه‌ته‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمه
جه‌خت له چوار بنه‌مای گرنگی ستراتیژییه‌تی مه‌سرور بارزانی بۆ داهاتووی سیاسی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه

K24- هه‌ولێر:
د. رێبوار بابكه‌یی، ئه‌كادیمیا و شاره‌زای سیاسی له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ وڵاتی توركیا و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا گوتی: ئه‌و سه‌ردانه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت و كۆبوونه‌وه‌ی له‌سه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته، گرنگی سیاسی، ئابووری، وزه و جیوسیاسی هه‌یه و ده‌رخه‌ری گرنگیی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه له‌ڕووی دابینكردنی سه‌قامگیری و وزه‌وه.
د. رێبوار بابكه‌یی تایبه‌ت به كوردستان24 دووپاتیكرده‌وه، رۆڵی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌م كابینه‌یه‌دا به چه‌ند بنه‌ما و ستراتیژیه‌تێك به‌ستراوه‌ته‌وه، یه‌كه‌میان: سفركردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، دووه‌م: چه‌سپاندن و به‌هێزكردنی ئاسایش له هه‌رێمی كوردستان، سێیه‌م فراوانكردنی بازنه‌ی دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ وڵاتان، چواره‌م: به‌كارهێنانی هێزی وزه، هه‌م بۆ دروستكردنی پاڵپشتی سیاسی و هه‌میش بۆ فره‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌كانی ئابووری له هه‌رێمی كوردستان، كه ئه‌مه‌ش دواجار ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر به‌هێزكردنی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت له هاوكێشه سیاسییه‌كاندا.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ناوچه‌كه و ئه‌وروپا روویانداوه، ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه‌ن، كه گۆڕانكاریه‌كی نوێ له ئارادایه و جیهان به‌ره‌و نه‌خشه‌یه‌كی نوێی وزه له‌سه‌ر ئاستی جیهان هه‌نگاوده‌نێت.
گوتیشی: گرنگیدان به كه‌رتی وزه‌ی هه‌رێمی كوردستان له پێشینه‌ی ستراتیژییه‌ته‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه و ئه‌وه‌شمان بینی، كاتێك مه‌سرور بارزانی له كۆڕبه‌ندی ئیمارات جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، كه ده‌كرێت هه‌رێمی كوردستان ببێته سه‌نته‌رێكی گرنگ بۆ دابینكردنی وزه له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه، هه‌م بۆ ناوخۆ و هه‌میش بۆ وڵاتان.
د. رێبوار بابكه‌یی جه‌ختیكرده‌وه، ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی هاتوونه‌ته ئاراوه، كه هه‌رچه‌ند راسته شه‌ڕیش به‌شێكی ئه‌و گۆڕانكارییانه پێكده‌هێنێت و به هێزی زبر ناوده‌برێت، به‌ڵام ئه‌و شه‌ڕه دیوێكی سیاسیشی هه‌یه و به‌شێك له وڵاتان سوودی لێ ده‌بینن، له‌وانه‌ش ئه‌مه‌ریكا كه داوای له یه‌كێتی ئه‌وروپا كردووه ئه‌مه‌ریكا بكرێته سه‌رچاوه‌ی دابینكردنی وزه، به‌ڵام به‌هۆی دووری ئه‌مه‌ریكا له ئه‌وروپا له‌ڕووی جوگرافییه‌وه، له ئێستادا ئه‌سته‌مه ئه‌مه‌ریكا بتوانێت هه‌م وزه بۆ ئه‌وروپا دابین بكات و هه‌میش تێچووی گواستنه‌وه‌ی زۆر ده‌كه‌وێت.
هه‌روه‌ها گوتی: هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ن وزه‌یه‌كی باشه، به‌تایبه‌ت له غازی سرووشتی، له‌كاتێكیشدا نه‌وت به‌رامبه‌ر به غاز له بازاڕی وزه پێگه‌ی جارانی له‌ده‌ستداوه و ئێستا سه‌رده‌می غازه، ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت و ئێستا هه‌رێمی كوردستان رۆژانه نیو ملیار پێی سێجا غازی سرووشتی و زیاتر له نیو ملیۆن به‌رملین نه‌وتی رۆژانه‌ش به‌رهه‌م ده‌هێنێت، ئه‌مه‌ش مانای وایه، كه هه‌رێمی كوردستان توانای دابینكردنی وزه بۆ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراق هه‌یه و ده‌توانێت ببێته به‌شێك له سه‌رچاوه‌ی وزه بۆ ئه‌وروپا و وڵاتانی دیكه‌ش.
سه‌رباره‌ت به گرنگیی سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانیش بۆ وڵاتی توركیا، رێبوار بابكه‌یی گوتی: له ئێستادا توركیا تاكه ده‌روازه‌یه بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان و توركیا ده‌توانێت ببێته وڵاتی ترانزێت بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا.
H.B