یه‌كێتی ئه‌وروپا وه‌ڵامی رووسیا ده‌داته‌وه‌

"ئه‌و هه‌نگاوه‌ی رووسیا بێ پاساوه‌ و تەنیا بۆ تۆڵەکردنەوەیە"

ئاڵای رووسیا و به‌كێتی ئه‌وروپا
ئاڵای رووسیا و به‌كێتی ئه‌وروپا

K24- هه‌ولێر:

یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، دەرکردنی دیپلۆماتکارەکانمان لە مۆسکۆ بێ پاساوە و دەبێتە هۆی زیاتر گۆشەگیرکردنی رووسیا.

دوای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەرکردنی 18 دیپلۆماتکاری یەکێتی ئەوروپای لە وڵاتەکەی راگەیاند، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا یەکێتی ئەوروپا وەڵامی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی رووسیای دایەوە و بە بڕیارێکی بێ پاساو و بێ بنەما ناوی برد.

لە راگەێندراوه‌كه‌یدا یەکێتی ئەوروپا دووپاتیكرده‌وه‌، دەرکردنی 18 دیپلۆماتکاری ئەوروپی لە مۆسکۆ بڕیارێکی بێ بنەما و بێ پاساوە و تەنیا بۆ تۆڵەکردنەوەیە.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: ئەم هەنگاوەی مۆسکۆ وادەکات رووسیا زیاتر لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دووربکەوێتەوە و زیاتر گۆشەگیر بکرێت.

به‌هۆی هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا، كه‌ له‌ 24ی شوبات/ فێبرایه‌ری ئه‌مساڵه‌وه‌ ده‌ستپێكرد، گرژیی نێوان رووسیا و وڵاتانی رۆژئاوا تادێت توندتر ده‌بن و كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و راده‌یه‌ی كه‌ دیپلۆماتكاری یه‌كتر له‌ وڵاته‌كانیان ده‌ربكه‌ن، هه‌فته‌ی رابردووش چه‌ند وڵاتێكی یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌یان دیپلۆماتكار و نوێنه‌ری رووسییان له‌ وڵاته‌كانیان ده‌ركرد.

H.B