کچێکی کورد لە سوید پیشەکەی جێدەهێڵێت و کاری سیاسی هەڵدەبژێرێت
دەیەوێت ھەماھەنگی لەنێوان ئافرەتانی ھەرێمی كوردستان و سوید دروست بكات

K24 - ستۆکهۆڵم
كچێكی كورد لە سوید، دوای چەندین ساڵ ماندوبوون لە پیشەکەی خۆی وەک پزیشک لە گەورەترین نەخۆشخانەی سوید جێدەھێڵێ و سیاسەت ھەڵدەبژێرێت. ئەو كچە كوردە دەیەوێت ھەماھەنگییەكی لەنێوان ئافرەتانی ھەرێمی كوردستان و سوید دروست بكات.
کۆچەر وەلەدبەگی، کچێکی کوردە لە سوید، راوێژکارە لە پارێزگای یۆتۆبۆری. کۆچەر ئاڵای کوردستان و سویدی لە سەر سنگی داوە و بەشدارە لە کۆبوونەوەی نوێنەرانی پارتی سوسیال دیموکراتی سەرتاسەری سوید.
کۆچەر وەلەدبەگی، کچە کوردێکی خەڵکی ناوچەی ھەورامانە و دوای چەندین ساڵ ماندووبوون پیشەکەی خۆی وەک پزیشک لە گەورەترین نەخۆشخانەی سوید جێدەھێڵێ و سیاسەت ھەڵدەبژێرێت. ئەو بە کوردستان24ی گوت: "بڕیارمدا پیشەی پزیشکیم جێبهێڵم و دەمەوێت لەناو سیاسەتدا بە جۆرێکی دیکە خزمەت بکەم، بۆم دەرکەوتووە ئەو ژنانەی لە سوید دەژین زۆر کەم دەچن بۆ پشکنینی ژنانە، بەتایبەتی شێرپەنجەی رەحم، من دەوێت توێژینەوەی زیاتری لەسەر بکەم و لەو بوارە یارمەتی ژنان بدەم".
گوتیشی: "راستە سوید یەکێکە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان لە پرسی ژن و یەکسانی لە پێشەوەیە، بەڵام یەکسانی لە مووچە وەرگرتن و هەندێ شتی تر زوڵم لە ژنان دەکرێت. بۆ نموونە ژنێک لە کارەکەی 5 تا 10 کرۆن لە پیاوەکەی کەمتر وەردەگرێت".
کۆچەر باس لە ژیانی تایبەتی خۆی و چوونە ناو سیاسەت دەکات و دەڵێت: "لە خانەوادەیەک گەورە بوومە بەردەوام لەناو سیاسەت بووین، دایک و باوکم سیاسەتمەدار بوون، دواتر خۆشم لە بەریتانیا کاری سیاسسیم دەکرد".
گوتیشی: "دەمانەوێت کارێک بکەین پەیوەندییەکانی نێوان ژنانی کوردستان و سوید بەهێز بێت".