شه‌ڕ ده‌كه‌وێته ناو خاكی رووسیا
"جه‌نگه‌كه زۆر تاقه‌تپڕوكێن و درێژخایه‌ن و ترسناكه بۆ سه‌ر رووسیا"
K24ـ مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
تادێت ناوچه داگیركراوه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی رووسیا له‌لایه‌ن سوپای ئۆكرانیاوه ئازاد ده‌كرێن یان سوپای رووسیا پاشه‌كشه‌ی لێده‌كات، وێڕای زیانی گیانی گه‌وره له ریزه‌كانی سوپا، زیانی ماددی گه‌وره‌شیان به‌ركه‌وتووه، بۆیه سه‌ركرده‌یه‌كی پێشووی سوپای رووسیا هۆشداری ده‌داته مۆسكۆ، كه ئه‌گه‌ر جه‌نگ به‌مشێوه‌یه بڕوات ئه‌وا دوور نییه سوپای ئۆكرانیا شه‌ڕ بخاته ناو خاكی رووسیا.
به‌پێی راپۆرتێكی "زه نیویۆرك تایمز"، ئیگۆر جێركین كه به ،ئیگۆر ستریلكۆڤ" ناسراوه، له میانی به‌رنامه‌ی (رادار)ی ته‌له‌فیزیۆنی رووسیادا گوتی: ئه‌گه‌ر سوپای رووسیا له‌جه‌نگی ئۆكرانیا پێشڕه‌وی نه‌كات، ئه‌وا دوورنییه شه‌ڕ بكه‌وێته ناو رووسیا و جه‌نگه‌كه پێچه‌وانه بێته‌وه.
ئیگۆر فسیڤۆلۆدوڤیچ جێركین (ستریلكۆڤ) یه‌كێكه له ئه‌فسه‌ره دێرینه‌كانی سوپای رووسیا له تیمی تۆپهاوێژ و پێشتریش ئه‌فسه‌ری ده‌زگای ئاسایشی رووسیا (FSB) بووه، ستریلكۆڤ جگه له‌وه‌ی پێشتر وه‌ك وه‌زیری به‌رگری هێزه جوداخوازه‌كانی ئۆكرانیای سه‌ر به رووسیا له خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرانیا (هه‌رێمی دۆنباس) به‌رپرسیار بووه، رۆڵی سه‌ره‌كیی له داگیركردنی نیمچه دوورگه‌ی (كرامییه- قرم) له ساڵی 2014 گێڕاوه، ئۆكرانییه‌كان ئه‌م كه‌سه به كه‌سێكی نه‌ته‌وه‌په‌رستی رووسی و تیرۆیست ناوده‌به‌ن، دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن دادگای هۆڵه‌نداوه به تیوه‌گلانی له خسته‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی مه‌ده‌نی هێڵی ئاسمانی مالیزیا له ساڵی 2014 تۆمه‌تباركرا، كه له "ئه‌مستردام"ی هۆڵه‌نداوه به 283 سه‌رنشینه‌وه گه‌شتی كردبوو تا بگاته "كوالالمپور"ی مالیزیا، به‌ڵام له خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرانیا له‌سنووری نێوان رووسیا و ئۆكرانیا كهوتهخواره.
لێدوانه‌كه‌ی ستریلكۆڤ دوای ئه‌و راپۆرته هه‌واڵانه دێت، كه هه‌فته‌ی رابردوو باسیان له كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی رووسیا و ده‌وروبه‌ری كێڤ و رۆژئاوای ئۆكرانیا به‌گشتی ده‌كرد، وێڕای ئه‌وه‌ی له چه‌ند رۆژی رابردوودا، له خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرانیاش سوپای ئۆكرانیا و هێزی به‌رگری ئۆكرانیا توانیان چه‌ند ناوچه‌یه‌ك له‌ژێر ده‌ستی سوپای رووسیا ده‌ربهێنن و بیخه‌نه‌وه ژێر كۆنترۆڵی خۆیان.
هه‌رچه‌نده ئه‌مه یه‌كه‌مین جار نییه ستریلكۆڤ ره‌خنه ده‌گرێت، پێشتریش له‌مانگی ئادار (مارسی 2022) له‌میانی چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤیزیۆنی OSN، گوتی: "29 رۆژ به‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی تایبه‌تدا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام هیچ ئامانجێكی سیاسی و ستراتیژی نه‌هاتووه‌ته‌دی، ته‌نیا هاتنه‌دی ئامانجی به‌كاربردنی هێز و هیلاككردنی نه‌بێت"، گوتیشی: "دوژمن (سوپای ئۆكرانیا) تا راده‌یه‌ك له هێوركردنه‌وه و هێرشی پێچه‌وانه‌وه بۆ سه‌ر سوپای رووسیا، سه‌ركه‌وتوو بووه".
به‌پێی راپۆرتێكی بی بی سی، ستریلكۆڤ له‌میانی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا گوتوویه‌تی: "بۆ به‌دبه‌ختی، ئه‌توانم بڵێم: پێشبینییه‌كانم زیاتر ره‌شبینییه كه ئێمه خراینه ناو جه‌نگێكی خوێناوی، زۆر تاقه‌تپڕوكێن و درێژخایه‌ن و ترسناكه بۆ سه‌ر رووسیا".
رۆژنامه‌ی "زه نیویۆرك پۆست"ـیش له راپۆرتێكدا كه له‌سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی به‌رگری به‌ریتانیا وه‌ریگرتووه، نووسیویه‌تی: "هێزه‌كانی ئۆكرانیا چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سه‌ره‌كییان له باكووری ئۆكرانیا گه‌ڕاندووه‌ته‌وه ژێر كۆنترۆڵی خۆیان، دوای ئه‌وه‌ی رووسیا نه‌یتوانی ئامانجه‌كانی له‌و ناوچانه به‌دیبهێنێت و هێزه‌كانی رووسیایان ناچاركرد له ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری بتچرنهێڤ و باكوری كێڤ پاشه‌كشه بكات".
هه‌روه‌ها جه‌یك سولیڤان، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له كۆشكی سپی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، پاشه‌كشه‌ی رووسیا له ناوچه‌كانی كێڤ و خۆرئاوای ئۆكرانیا ئاماژه‌ن بۆئه‌وه‌ی له‌م قۆناغه‌دا رووسیا پاشه‌كشه‌ی له ئامانجه‌كانی جه‌نگدا كردووه، گوتیشی: "رووسیا ده‌یه‌وێت به ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی فۆكه‌س بخاته سه‌ر ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵات و باكووری ئۆكرانیا، نه‌ك ته‌واوی خاكی ئۆكرانیا و گه‌مارۆی سوپای ئۆكرانیا له‌و دوو ناوچه‌یه بده‌ن".
به‌ره‌به‌یانی 24ی شوبات (فێبرایه‌ری 2022) به‌كاتی ئۆكرانیا، كه ده‌شێت ئه‌م مێژووه ببێته سه‌ره‌تای جه‌نگی سێیه‌می جیهانی، رووسیا له سێ قۆڵه‌وه هێرشی زه‌مینی و ئاسمانی كرده سه‌ر ئۆكرانیا، ئێستاش زیاتر له 50 رۆژ به‌سه‌ر ئه‌و پرۆسه داگیركارییه‌ی رووسیا تێپه‌ڕده‌بێت، به‌رامبه‌ر ئۆكرانیای دراوسێ كه له‌هه‌ناوی یه‌ك دایكه‌وه هاتوون، ئه‌ویش یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جارانه، به‌ڵام هیچ ئامانجێكی رووسیا نه‌هاتووه‌ته‌دی، سه‌ره‌تا وێڕای زاڵبوونی توانای سه‌ربازی و ژماره‌یی رووسیا به‌سه‌ر ئۆكرانیا و سه‌ركه‌وتوویی له هه‌فته‌كانی یه‌كه‌می شه‌ڕدا، به‌ڵام به‌هۆی به‌رگری بێوێنه و توندی ئۆكرانییه‌كان، توانای رووسیا له‌به‌ری خۆرئاوا و كێڤ شكستی هێنا و ئێستا ده‌ستی به‌كشانه‌وه كردووه و شه‌ڕی خستۆته به‌ره‌ی خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرانیا.
H.B