رووسیا و ئۆكرانیا ئاماده‌كاری بۆ "جه‌نگه گه‌وره‌كه" ده‌كه‌ن
خه‌ریكه جه‌نگه‌كه له باشووری رۆژهه‌ڵات به‌سه‌ختی ده‌ته‌قێته‌وه.. ناتوانرێت پێشبینی بۆ گۆڕانكارییه‌كان بكرێت

K24- هه‌ولێر:
دوای دڵنیابوونه‌وه له شكستی سوپاكه‌ی له باكووری ئۆكرانیا، كه تۆپۆگرافه‌كه‌ی هه‌وراز و نشێوی زۆری تێدایه و رێگه‌كانی گه‌یشتن به شاره‌كان سه‌ختن، ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا پلانه‌كه‌ی له‌و شوێنانه‌وه بۆ زه‌وییه ته‌خته‌كانی دۆنباس له رۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا گۆڕیوه.
وه‌ك زانراویشه، دۆنباس جیاواز له شاره‌كانی باكوور، له بری كۆڵان و شه‌قامه ته‌سكه‌كان، پانتاییه‌كی زۆر فراوانی كێڵگه‌ی كشتوكاڵی له‌خۆ ده‌گرێت، و زۆر له ته‌لار و تاوه‌ره به‌رز و سه‌خته‌كانی كیێڤی پایته‌خت و ده‌وروبه‌ری جیاوازن، كه ئۆكرانییه‌كان شاره‌زاییه‌كی باشیان له كۆچه و كۆڵانه‌كانیان هه‌یه، به‌ڵام رووسه‌كان هیچ رێگه‌یه‌ك نازانن.
له راپۆرتێكدا رۆژنامه‌ی "نیۆیۆرك تایمز" ئاماژه‌ی به‌وه داوه، "له‌گه‌ڵ گۆڕانی پلانه‌كه‌ی پوتن، وا دیاره به‌هۆی رووبه‌ره كراوه‌كانی باشووری رۆژهه‌ڵات، جه‌نگه‌كه خه‌ریكه رێچكه‌یه‌كی سه‌خت وه‌رده‌گرێت".
شێوازێكی جیاواز له سرووشتی جه‌نگ:
له‌ڕێگه‌ی ئه‌و گۆڕانكارییه، رووسیا هه‌وڵ ده‌دات له‌ڕێگه‌ی شێوازێكی جیاواز له سرووشتی جه‌نگ و چه‌كی به‌كارهاتوو به‌كاربهێنێت و په‌یڕه‌وی ستراتیژیه‌تێكی دیكه بكات، كه سه‌ركه‌وتن بۆی مسۆگه‌ر بكات.
شرۆڤه‌كارانی سه‌ربازی له‌وباوه‌ڕه‌دان، ئه‌و جه‌نگه‌ی به هه‌وڵێكی شكستخواردوو بۆ كۆنترۆڵكردنی كیێڤی پایته‌خت ده‌ستیپێكرد، ئێستا خه‌ریكه ده‌گوازرێته‌وه ناوچه‌ی دۆنباسی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته.
دۆنباس ـ كێڵگه‌كان:
بێن هۆدجز، فه‌رمانده‌ی پێشوو له سوپای ئه‌مه‌ریكا به نیۆیۆرك تایمزی راگه‌یاندووه، "كه‌می به‌ربه‌ستی سرووشتی كاری به‌ریه‌ككه‌وتن و یه‌كترگه‌مارۆدانی سوپا دژبه‌ره‌كان ئاسانتر ده‌كات و ده‌توانن له مه‌ودایه‌كی دووره‌وه به تۆپباران یه‌كتر بكه‌نه ئامانج، له‌پێناو كۆنترۆڵكردنی رووبه‌رێكی فراوانتر و دواتر پێشڕه‌ویكردن به‌ره‌و پێگه‌كانی دوژمن".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌وه‌ی باسی ده‌كه‌ین، جه‌نگێكی كلاسیكی و تاڕاده‌یه‌كی زۆر خوێناوییه، به‌وه‌ی كه هێزه رووسییه‌كان هێرشی سه‌ر پێگه جێگیره‌كانی ئۆكرانیا ده‌كه‌ن و كۆنترۆڵی ته‌واوی خاكی دۆنباس ده‌كه‌ن، كه له ساڵی 2014ـه‌وه به‌شێكی له‌لایه‌ن به‌رهه‌ڵستكارانی ئۆكرانی كه له‌لایه‌ن رووسیاوه پشتیوانی ده‌كرێن، كۆنترۆڵ كراوه، ئه‌مه‌ش ئه‌و ئامانجه‌ی سوپای رووسیا ده‌پێكێت، كه له كۆتایی ئازار/ مارسی رابردووه‌وه كاری بۆ ده‌كه‌ن".
كه‌شوهه‌وا له به‌رژه‌وه‌ندیی ئۆكرانییه‌كانه؟
به‌مدواییانه ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا له هه‌ڵسه‌نگاندنێكیدا بۆ دۆخی ئۆكرانیا گوتی: پوتن هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر ناوچه‌ی دۆنباس چڕ ده‌داته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه تۆمار بكات، كه هه‌ولی بۆ ده‌دات و كار بۆ ئه‌وه ده‌كات له 9ی ئایار/ مایۆی داهاتوو ئه‌و ئامانجه به‌ده‌ستبهێنێت، كه هاوكاته له‌گه‌ڵ ساڵیادی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌ڵمانییه نازییه‌كان له ساڵی 1945.
به‌ڵام دوو به‌رپرسی باڵا له وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا "پێنتاگۆن" ئاشكرایانكرد، پێده‌چێت كه‌شوهه‌وای باراناوی له ناوچه‌ی دۆنباس له به‌رژه‌وه‌ندیی هێزه‌كانی ئۆكرانیادا بێت و ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه شه‌پۆلێكی بارانی به‌خوڕ هه‌رێمی دۆنباسی گرتووه‌ته‌وه و پێشبینی ده‌كرێت بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی داهاتووش به‌رده‌وام بێت و پله‌كانی گه‌رماش به‌شێوه‌یه‌كی پله‌دا روو له به‌رزبوونه‌وه ده‌كه‌ن.
یه‌كێك له به‌رپرسه‌كان كه نه‌یویس ناوی ئاشكرا بكرێت، به ئاژانسی هه‌واڵی فه‌ره‌نسیی "فرانس پرێس"ی راگه‌یاند، "پێكهاته‌ی خاكی دۆنباس زۆر فشه‌ڵه و به‌هۆی دروستبوونی قوڕ و لیته‌یه‌كی زۆر، كارێكی سه‌خته سوپای رووسیا بتوانێت دوور له رێگه سه‌ره‌كییه‌كان هیچ هه‌نگاوێك بنێن".
دۆنباس – گۆڕه‌پانی جه‌نگێكی نوێ:
هه‌رێمی دۆنباس به قووڵایی سه‌دان میل درێژده‌بێته‌وه، له باكوور و رۆژهه‌ڵاته‌وه له‌شێوه‌ی كه‌وانه له‌گه‌ڵ رووسیا هاوسنووره و زۆربه‌ی دانیشتوانی به زمانی رووسی ده‌دوێن.
ئه‌و ناوچه‌یه به ناوی حه‌وزی دۆنیتسی ده‌وڵه‌مه‌ند به بوونی چینه‌كانی خه‌ڵوز راسته‌وخۆ له‌ژێر توێكڵی سه‌ره‌وه‌ی زه‌وی ناسراوه و به كێڵگه‌ی گوڵه‌به‌ڕۆژه و لیته ده‌شتی گژوگیایی داپۆشراوه.
به‌ر له هێرشی رووسیا له فێبرایه‌ری رابردوو، له ساڵی 2014ـه‌وه ئۆكرانیا له‌و ناوچه‌یه رووبه‌ڕووی ئه‌و به‌رهه‌ڵستكارانه‌ی وڵاته‌كه‌ی ده‌بووه‌وه، كه له‌لایه‌ن رووسیاوه پشتیوانی ده‌كرێن.
دوای ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كێك له رووسه‌كان و ئۆكرانییه‌كان به‌شێكی ئه‌و خاكه‌یان كۆنترۆڵكرد و هیچ كامێكیان نه‌یانده‌توانی رووبه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی له‌سه‌ر حیسابی ئه‌وی دیكه‌یان فراوان بكه‌ن، ئه‌و جه‌نگه گه‌یشته رێگه‌یه‌كی بنبه‌ست.
بۆیه شرۆڤه‌كاران ده‌ڵێن: كۆنترۆڵكردنی رووبه‌رێكی فراوانتر پێویستی به ململانێیه‌كی خوێناوی بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژهه‌یه تا لایه‌نێك به‌سه‌ر ئه‌وی دیكه‌یاندا سه‌رده‌كه‌وێت.
له‌كاتێكیشدا ده‌شتاییه‌كان تایبه‌تمه‌ندیێكیان به سوپای رووسیا داوه، كه خاوه‌ن چه‌كێكی بۆردومانكردنه كه له‌گه‌ڵ ئه‌و سروشته ده‌گونجێت، له به‌رامبه‌ریشدا هێزه‌كانی ئۆكرانیاش ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌یان هه‌یه، كه چه‌كه‌كانیان توانای بۆردومانكردنی پێگه چه‌سپاوه‌كانیان له زه‌وییه كراوه‌كان هه‌یه.
جه‌نگی گه‌وره:
هه‌ریه‌ك له ئۆكرانییه‌كان و رووسه‌كان ئاماده‌كاری بۆ چوونه ناو جه‌نگێكی گه‌وره ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا هێزه‌كانی رووسیا دوای ده‌رچوونی له كیێڤ، سه‌رقاڵی رێكخستنه‌وه‌ی ریزه‌كانییه‌تی، كه به‌هۆی پاشه‌كشه‌كردنیان و دوای له‌ده‌ستدانی هێزێكی گه‌وره‌ی مرۆیی و چه‌ك و پێداویستیی سه‌ربازی، جۆرێك له په‌رته‌وازه‌یی له هێزه‌كانیان دروستبووه.
به‌رپرسانی پێنتاگۆن ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له ماوه‌ی ئه‌م مانگه‌دا رووسیا ژماره‌ی یه‌كه جه‌نگاوه‌ره‌كانی له رۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا زیاد كردووه و ئێستا ژماره‌ی سه‌ربازانی له‌و ناوچه‌یه گه‌یشتووه‌ته 40 هه‌زار سه‌رباز و بڕێكی زۆری چه‌ك و پێداویستیی زۆری سه‌ربازیش بۆ ئه‌و ناوچه‌یه له‌ڕێگه‌ن.
له‌كاتی كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی، رووسیا 40 هه‌زار سه‌ربازی خۆی له باكووری ئۆكرانیا به‌ره‌و رووسیا و بێلاڕووس كشانده‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی دووباره چه‌كداریان بكاته‌وه، پێشبینیش ده‌كرێت، به‌شێك له‌و هێزانه له‌م چه‌ند رۆژه‌دا به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا بجووڵێندرێت، به‌ڵام هێزه به‌رگریكاره‌كانی ئۆكرانیا له‌و ناوچه‌یه رووبه‌ڕوویان ده‌بنه‌وه.
به‌ر له هێرشی رووسیا، ژماره‌ی سه‌ربازانی ئۆكرانی له‌و ناوچه‌یه به 30 هه‌زار سه‌رباز مه‌زه‌نده ده‌كران، دوای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر كیێڤ، دووباره ده‌سته‌بژێرانی "نخبة"ی یه‌كه سه‌ربازییه‌كان له رۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا بڵاوه‌یان پێكراوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "نیۆیۆرك تایمز"، به‌هۆی به‌رده‌وامی گۆڕانكارییه‌كان، له ئێستادا پێوانه‌كردنی قه‌باره‌ی هێزه‌كانی ئۆكرانیا له‌و ناوچه‌یه كارێكی سه‌خته.
حكومه‌تی ئۆكرانیا هیچ ورده‌كارییه‌كی له‌باره‌ی جووڵه‌ی یه‌كه سه‌ربازییه بچووكه‌كانی رانه‌گه‌یاندووه، كه به‌راورد به یه‌كه سه‌ربازییه‌كانی رووسیا، توانای جووڵه‌ی زۆر خێراتریان هه‌یه.
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی جه‌نگی داهاتوو:
له‌م قۆناغه نوێیه‌ی جه‌نگدا، ئۆكرانییه‌كان پێویستییان به بڕێكی نوێی چه‌ك ده‌بێت، به‌تایبه‌ت مووشه‌ك و تۆپی دوورمه‌ودا و سیسته‌می دژه مووشه‌كی فره جۆر.
هه‌روه‌ها پێویستی ئه‌و وڵاته به ژماره‌یه‌كی زیاتری زرێپۆشی سه‌ربازی ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن پارێزگای له هێزه‌كانیان بكه‌ن.
دۆنباس و تۆپهاوێژه‌كان:
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، سلۆڤاكیا له ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا سیسته‌می مووشه‌كی دژه‌فڕۆكه‌ی به‌هێز و دوورمه‌ودای به ئۆكرانیا داوه، رۆژی چوارشه‌ممه‌ش جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كاروانێكی دیكه‌ی هاوكارییه سه‌ربازییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بۆ ئۆكرانیا به بڕی 800 ملیۆن دۆلار رایگه‌یاند، كه بۆ یه‌كه‌م جاره به‌هێزترین جۆری چه‌ك له‌خۆ ده‌گرێت، له‌وانه‌ش: 18 تۆپی هاوتزێری 155 ملیم، 40 هه‌زار گوللـه‌تۆپ و 200 نه‌فه‌رهه‌ڵگری زرێپۆشی سه‌ربازی.
كه‌ی كاتژمێری سفر ده‌ستپێده‌كات؟
گه‌وره‌ترین رای ناكۆك له‌سه‌ر قۆناغی باكووری جه‌نگه‌كه‌یه، كه به‌رداشه‌كه‌ی له نێوان شاره‌كان، دارستان و گرده‌كان ده‌سووڕێت، ئه‌ویش به‌هۆی به‌رزی و نزمی تۆپۆگرافیای ئه‌و ناوچه‌یه، كه به‌گوێره‌ی شرۆڤه‌ی چاودێران، جه‌نگێكی خوێناوی له زه‌وییه ته‌ختاییه‌كان رووده‌دات.
مه‌كسیم ڤینۆجین، كه رۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایمز به "جه‌نگاوه‌ری دوو سه‌رده‌م" له دۆنباس ناویبردووه، گوتی: "هیچ شوێنێك بۆ خۆ حه‌شاردان نییه و ده‌توانین له ئاسمانه‌وه له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه و درۆنه‌كانه‌وه ببینین".
هه‌روه‌ها شرۆڤه‌كارانی سه‌ربازیش ده‌ڵێن: قۆناغی داهاتوو به پله‌ی یه‌كه‌م جه‌نگی تۆپ و مووشه‌كه‌كانه له سه‌ر رووبه‌ری ده‌یان میل، كه ده‌كرێت رووسیا ژماره‌یه‌كی بێشوماری كه‌تیبه و تۆپخانه‌كان و تانك و فڕۆكه‌ی جه‌نگی بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی سه‌ربازه‌كانی به‌سه‌ر سوپای ئۆكرانیادا به‌كاربهێنێت.
پێشبینی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت، مۆسكۆ ئه‌و هێزه ئاگرینه به‌كاربهێنێت، بۆ لێدان له پێگه‌كانی ئۆكرانیا، به‌ر له‌وه‌ی هێزه پیاده‌كانی بۆ كۆنترۆڵكردنی خاكه‌كه‌ی ره‌وانه بكات.
له ده‌ستپێكی شه‌ڕه‌كه‌دا كه‌شوهه‌وا رۆڵێكی گرنگی له باكووری ئۆكرانیا بینی و نه‌بوونی شه‌خته‌ی زۆر له‌سه‌ر رێگه‌كان، تانكه‌كانی رووسیای ناچاركرد له‌شێوه‌ی كاروان و ریزی درێژ به‌دوای یه‌كدا وایكرد نه‌توانن رووبه‌ڕوو به‌رگریی هێزه‌كانی ئۆكرانیا ببنه‌وه.
هێزه‌كانی رووسیا ئاماده نه‌بوون بۆ داگیركردنی كیێڤ:
بۆچی رووسیا كیێڤی به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا به‌جێهێشت؟
دوای شكستی هێزه‌كانی رووسیا له كۆنترۆڵكردنی كیێڤی پایته‌خت، مۆسكۆ ئاراسته‌ی كرده‌كانی به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته گۆڕی، كه ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه به‌رهه‌ڵستكارانی ئۆكرانیا كه له‌لایه‌ن رووسیاوه پشتیوانی ده‌كرێن، له‌و ناوچه‌یه رووبه‌ڕووی هێزه‌كانی ئۆكرانیا ده‌بنه‌وه.
له ئێستاشدا هێزه‌كانی رووسیا ئاماده‌كاری بۆ هێرشه نوێیه‌كه‌ی له رۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا ده‌كات، به‌ڵام یه‌یكێك له‌و به‌رپرسانه‌ی پێنتاگۆن كه فرانس پرێس زانیارییه‌كانی له‌سه‌ر زاری ئه‌و گواستییه‌وه، له‌و باوه‌ڕه‌دایه، "كارێكی زۆر سه‌خته بتوانرێت كاتژمێری سفر بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشه بزانرێت"، به‌ڵام ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا باوه‌ڕی وایه، رووسیا ده‌یه‌وێت له دوو هه‌فته‌ی داهاتوودا به‌شێك له ئامانجه ماددییه به‌رجه‌سته‌كانی له دۆنباس بپێكێت.
H.B