مۆسكۆ: ته‌واوی به‌نده‌ری ماریۆپۆل كۆنتڕۆڵكرا

"ژماره‌ی سه‌ربازه‌ كوژراوه‌كان له‌و ماریۆپۆل ئێجگار به‌رزه‌"

به‌نده‌ری ماریۆپۆل
به‌نده‌ری ماریۆپۆل

K24- هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ته‌واوی به‌نده‌ری ماریۆپۆلی راگه‌یاند، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشوری رۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا.

ئیگۆر كوناشینكۆڤ، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا رایگه‌یاند، جگه‌ له‌ كارگه‌ی "ئه‌زوڤستاڵ" ، ته‌واوی به‌نده‌ری ماریۆپۆل كۆنتڕۆڵ كرا. هه‌روه‌ها گوتی: "ته‌واوی به‌نده‌ره‌كه‌ له‌ ژێر چنگی "ئه‌زۆف"ـی نازییه‌كان، به‌كرێگیراوانی بیانی و هێزه‌ ئۆكرانییه‌كان پاككرایه‌وه".

كۆناشینكۆڤ راشیگه‌یاند، به‌نده‌ری ماریۆپۆل كه‌وتووه‌ته‌ ژێر كۆنتڕۆڵی سوپای رووسیا، ته‌نیا كارگه‌یه‌ك نه‌بێت كه‌ ژماره‌یه‌ك چه‌كداری ئۆكرانی تێیدا شه‌ڕ ده‌كه‌ن.

ئه‌و گوته‌بێژه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا روونیكرده‌وه‌، ئه‌و سه‌ربازانه‌ی كه‌ له‌ ماریۆپۆل ماونه‌ته‌وه‌، ژماره‌یان ناگاته‌ 2.5 هه‌زار، ئه‌مه‌ش به‌و واتایه‌ى ژماره‌ی سه‌ربازه‌ كوژراوه‌كان له‌و شاره‌ ئۆكرانییه‌دا ئێجگار به‌رزه‌.