بۆ گۆڕانکاری لە میکانیزمی دابەشکردنی بەنزین هەنگاوی دیکە دەگیرێتەبەر
قایمقامی هەولێر: لەسەر قەرەباڵغی دابەشکردنی بەنزین بەردەوام گلەییمان بۆ دێت

K24 – هەولێر
قایمقامی ناوەندی هەولێر رایدەگەیەنێت، سیستمی دابەشکردنی بەنزین بە تاک و جووت، بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغییە، ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت هەنگاوی دیکە دەنرێت و بۆ فەرمانبەرانیش رێگەچارەیەک دەدۆزنەوە.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "پەیڕەوکردنی سیستمی تاک و جووت لە بەنزینخانەکان بۆ ئەو بەنزینەی کە لیتری بە 690 دینارە، یەکێکە لە هەنگاوەکان بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ئاسانکاری بۆ خەڵک".
گوتیشی: "زۆر جار لەلایەن کاسبکار و دوکانداران و خەڵک، گلەیی ئەوەمان بۆ دێت کە شەقام و رێگاکان دەگیرێن و کاریگەری دەکاتە سەر کار و کەسابەتیان، هەروەها جەنجاڵی دروست دەبێت".
قایمقامی هەولێر، روونیکردەوە: "جگە لە رۆژانی دیاریکراو بۆ ژمارەی تاک و جووت، وێستگەکانی دابەشکردنی بەنزین بۆ جۆری ئۆتۆمبێلەکان دیارکراوە، بۆ تاکسی و تایبەت و پاسەکان".
سەبارەت بە گۆڕانکاری لە کاتی دابەشکردنی بەنزین، چونکە دەگوترێت ئەو کەسانەی دەوامیان هەیە ناتوانن لە نۆرەی وەرگرتنی بەنزین بوەستن، نەبەز عەبدولحەمید گوتی: "ئەوەشیان لەژێر لێکۆڵینەوە دایە، بەڵام پێویستە بوار بەو فەرمانبەرانە بدرێت کە دەچنە سرەی وەرگرتنی بەنزین، چونکە کاتەکە لەگەڵ دەوامە، بەڵام ناکرێ کاریگەری لە دەوام و مامەڵەی هاووڵاتییان بکات، ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت رێگەچارەیەک بۆ فەرمانبەران دەدۆزینەوە".
ئەوەشی خستەڕوو: "رۆژانە پێویستیمان بە زیاتر لە 3 ملیۆن لیتر بەنزینە، ئەو بڕە بەنزینەی بۆمان دێت وەک پارێزگای هەولێر کە 700 تا 800 هەزار لیترە، بەو بەنزینەی کە لە حکومەتی عێراقیشەوە بۆمان دێت، هیچ رۆژێک بڕەکە وەکخۆی نانێردرێت، وەک دیار کراوە 360 لیتر، بەڵام تائێستا بە تەواوی نەیناردووە".