سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر پەکەکە دەستپێدەکات
وەزیری بەرگری تورکیا: ھێزەکانی ئاسمانی پێگەکانی پەکەکەیان کردووەتە ئامانج

K24 - هەولێر
سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی و ئاسمانی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باکوور و هەرێمی کوردستان دەستپێکرد.
خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لە رێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە ئۆپەراسۆسیۆنی "کلیل چنگ"-ی بۆ سەر ئامانجەکانی پەکەکە لە ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤەشین- باسیان دەستیپێکردووە.
گوتیشی "بەمەبەستی لەناوبردنی هێرشە تیرۆریستییەکان بۆسەر گەلەکەمان و ھێزە ئەمنییەکانمان، هەرەوەها پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانمان، سوپای تورکیا لە شەوی رابردووەوە ئۆپەراسیۆنی کلیل چنگ-ی بۆ سەر ئامانجەکانی تیرۆر دەستپێکردووە".
وەزیری بەرگری تورکیا راشیگەیاند، ھێزەکانی ئاسمانیمان پێگەکانی پەکەکەیان لە ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین- باسیان کردووەتە ئامانج، کە ژمارەیەک حەشارگە، ئەشکەوت، تونێل، کۆگای جبەخانەی پەکەکەیان بووە.
ئاشکراشیکرد، هێزی کۆماندۆ بە پاڵپشتی ھێلیکۆپتەرەکانی جۆری "ATAK"، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکھەڵگر چوونەتە ناوچەکە و ئەو ئامانجانەی لە قۆناغی یەکەم دیاریکرابوون هاتوونەتەدی و ئۆپەراسیۆنەکەش بەردەوام دەبێت.
