زێلێنسكی: بەفەرمی داواکاری بوون بە ئه‌ندامی ئۆكرانیا لە یەکێتی ئەوروپامان پێشکەشکرد
له‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌دا هه‌نگاوه‌كان ده‌گیرێنه‌به‌ر
K24- هه‌ولێر:
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بەفەرمی داواکاری بوون بە ئه‌ندامی وڵاته‌كه‌ی لە یەکێتی ئەوروپای پێشکەشکرد و راشیگه‌یاند، به‌رپرسانی یه‌كێتی ئه‌وروپا ژماره‌یه‌ك پرسیاریان تایبه‌ت به ئه‌ندامبوونی ئۆكرانیا له وڵاته‌كه‌یان كردووه و ئه‌وانیش وه‌ڵامیان داوه‌ته‌وه ئێستا چاوه‌ڕێی ده‌ستپێكردنی هه‌نگاوه‌كانی بوون به ئه‌نجامن له یه‌كێتییه‌كه.
له‌وباره‌یه‌وه ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا گوتی: "ئەمە یەکێکە لەو هەنگاوانەی وڵاتەکەمان بۆ بوونە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا گرتوویەتەبەر. ئەمە خواستی خەڵکی ئۆکرانیایە و لە پێناویدا خەبات دەکەین".
دووپاتیشیكرده‌وه، "سوپاسی ئامادەبوونی باڵیۆزانی وڵاتان دەکەم کە گەراونەتەوە کیێڤ، وەڵامی تەواوی ئه‌و پرسیارانه‌ی یەکێتی ئەوروپامان داوەتەوە، كه تایبەت بە پرسی بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا لەلایەن ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا و جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپاوە ئاراستەمان کرابوون".
گوتیشی: "خەڵکی ئۆکرانیا ساڵانێکە بە بیرکردنەوە و بە دڵ لە یەکێتی ئەوروپان و خەونی چەندین ساڵەیانە. بەداخەوە کە لەم دۆخە تراژیدیەدا ئێمە ئەم هەنگاوە دەگرینەبەر. خەڵکێکی زۆر لەم پێناوەدا و بۆ گەیشتن بەم ئامانجە گیانی خۆیان بەختکرد".
هه‌روه‌ها دڵنیایی خۆیشی له‌وه راگه‌یاند، "كه وەڵامەکانمان پەسەند دەكرێن و دەبینە وڵاتی کاندیدی یەکێتی ئەوروپا و پرۆسەکە چەند هەفتەیەك دەخایەنێت، بەڵام کارێکی باشمان بە ئاراستەی بەدیهێنانی خەونی گەلەکەمان کردووە".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، به‌ر له دوو رۆژ له راپۆرتێكی شرۆڤه‌كاریدا، رۆژنامه‌ی "نیۆیۆرك تایمز" بڵاویكرده‌وه، هه‌ریه‌ك له رووسیا و ئۆكرانیا خۆیان بۆ جه‌نگێكی خوێناوی سه‌خت ئاماده ده‌كه‌ن و بڵێسی جه‌نگه گه‌وره‌كه له رۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا ده‌ته‌قێته‌وه.
رۆژنامه ئه‌مه‌ریكییه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه، دوای دڵنیابوونه‌وه له شكستی سوپاكه‌ی له باكووری ئۆكرانیا، كه تۆپۆگرافه‌كه‌ی هه‌وراز و نشێوی زۆری تێدایه و رێگه‌كانی گه‌یشتن به شاره‌كان سه‌ختن، ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا پلانه‌كه‌ی له‌و شوێنانه‌وه بۆ زه‌وییه ته‌خته‌كانی دۆنباس له رۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا گۆڕیوه.
هه‌ر دوێنێش رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست ئاشكرایكرد، به‌هۆی به‌رده‌وامی مۆسكۆ له‌سه‌ر كرده سه‌ربازییه‌كه‌ی له ئۆكرانیا، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی ستراتیژیه‌تێكی نوێ بۆ لاوازكردن و گۆشه‌گیركردنی رووسیا بۆ ماوه‌یه‌كی درێژمه‌ودا ده‌كه‌ن.
H.B