حکومەتی عێراق سەرکۆنەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا دەکات

"هێرشەکانی تورکیا پێشێلکردنی سەروەری و رێزنەگرتنە لە خاکی عێراق"

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

حکومەتی عێراق ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا بە توندی سەرکۆنە دەکات و رایدەگەیەنێت هێرشەکانی تورکیا پێشێلکردنی سەرەوەری خاکی عێراقە.

ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە حکومەتی عێراق ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هێزەکانی تورکیا لەنێو خاکی عێراق و لە ناوچەکانی مەتینا، زاب، ئاڤاشین و باسیان لە باکووری وڵات، لە رێگەی هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بە توندی سەرکۆنە دەکات.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەروەها رایگەیاندووە، هێرشەکانی تورکیا پێشێلکردنی سەروەر و رێزنەگرتنە لە خاکی عێراق و پێچەوانەی پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتییەکانیشە، دووپاتیشیکردووەتەوە، حکومەتی عێراق رێگە نادات خاکەکەی بۆ زیان گەیاندن بە وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنێت و بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکانیش.

دوێنێ وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لە رێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە ئۆپەراسۆسیۆنێکی سەربازی بۆ سەر ئامانجەکانی پەکەکە لە ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤەشین و باسیان دەستیپێکردووە.

Fly Erbil Advertisment