فڕۆکەکەی مۆسکۆ درێژترین گەشتی خۆی ئەنجامدا
فڕۆکەکە تایبەت بوو بە گەڕاندنەوەی دیپلۆماتە دەرکراوەکان

K24 - هەولێر:
فڕۆکەیەك لە مۆسکۆوە بۆ گەڕاندنەوەی دیپلۆماتە دەرکراوەکانی لە ئسیپانیا و یۆنان، بەهۆی سزاکانی ئەوروپاوە، ناچاربوو درێژترین گەشت ئەنجامبدات کە دووریەکەی نزیک بوو لە گەشتی نێوان سینگاپۆر و نیویۆرک.
بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسیاتی flightradar24، سەرەتای ئەم هەفتەیە ئیسپانیا و یۆنان ژمارەیەک دیپلۆماتکاری رووسییان لە پایتەختی وڵاتەکانیان دەرکرد و رووسیاش بۆ گەڕاندنەوەیان لە مۆسکۆوە فڕۆکەیەکی ڕەوانە کرد.
سەرەڕای داخستنی ئاسمانی وڵاتانی ئەوروپا بەڕووی فڕۆکە رووسییەکاندا، ئیسپانیا و یۆنان لەپێناو گەڕاندنەوەی دیپلۆماتکارەکانی رووسیا بۆ وڵاتەکەیان بۆ یەکجار چاوپۆشییان لەو بڕیارە کرد و رێگەیاندا فڕۆکەکەی مۆسکۆ بێتە پایتەختی وڵاتەکەیانەوە.
کۆی دووری گەشتەکان 15,163 کیلۆمەتر بوو، ئەمەش نزیکە لە دووری گەشتی نێوان نیویۆرک و سینگاپۆرە، کە بە دریژترین گەشت لە جیهاندا ناسراوە.