عێراق وەڵامی ئەردۆغان دەداتەوە
وەزارەتی دەرەوەی عێراق: ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە و هەڕەشەیە لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق

K24 - هەولێر
وەزارەتی دەرەوەی عێراق وەڵامی گوتەکانی ئەردۆغان دەداتەوە و رەتیدەکاتەوە ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی و ئاگاداری بەغدا بێت.
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند، وەزارەتەکەیان ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا بە پێشێلکردنی زەقی سەروەری خاکی عێراق دادەنێت، بە هەڕەشە لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق دادەنێت و زیانیش بە هاووڵاتیان دەگەیەنێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەروەها قسەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاشی رەتکردەوە، کە باسی لە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان ئەنقەرە و بەغدا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازی کردبوو و روونیشیکردەوە "رێککەوتنێک لە نێوان تورکیا و پەکەکە هەیە بۆ ئەوەی چەکدارانی پەکەکە بێنە نێو خاکی عێراق، تاوەکو ئەمە ببێتە بیانوویەک بۆ ئەوەی سوپای تورکیا درێژە بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق بدات".
.jpg)
دوێنێ 20/4/2022، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکەیان لە باکووری عێراق بە هاوکاری حکومەتی ناوەندی عێراقی کراوە.