نێچیرڤان بارزانی: پشتگيری لهئازاديى رۆژنامه‌گه‌رى و راده‌ربڕين ده‌كه‌ین
K24 – هه‌ولێر:
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له په‌یامێكدا كه به بۆنه‌ی 124 ساڵه‌ی یادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیی بڵاویكرده‌وه، رایگه‌یاند، جه‌خت له هه‌ڵوێستى پشتگيريمان له ديموكراسى، ئازادييهكان، ئازاديى ڕۆژنامه‌گه‌رى و ڕاده‌ربڕين، مافه‌كانى مرۆڤ و سهروهريى ياسا دهكهينهوه.
له په‌یامه‌كه‌دا هاتووه: له‌م ياده‌دا به رێز و شكۆوه يادى ته‌واوى ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ى كوردستان دهكهينهوه كه له هه‌موو قۆناغه‌كاندا، خزمه‌تيان به كايه‌ى رۆژنامه‌گه‌ريى كوردستان كردووه و سه‌رده‌مى شۆڕش و دواى ئازادييش، به كارامه‌يى و پيشه‌يى، ئه‌ركى خۆيان راپه‌ڕاندووه و هه‌ندێكيشيان له‌م پێناوه‌دا سه‌ريان نايهوه و گيانيان سپارد.
هه‌روه‌ها هاتووه: له‌م بۆنه‌يه‌دا جه‌خت له هه‌ڵوێستى پشتگيريمان له ديموكراسى، ئازادييهكان، ئازاديى ڕۆژنامه‌گه‌رى و ڕاده‌ربڕين، مافه‌كانى مرۆڤ و سهروهريى ياسا دهكهينهوه كه كۆڵه‌كه‌ى سه‌ره‌كيى هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى ئازاد و پێشكه‌وتوون و گه‌لى كوردستان لهپێناوياندا خه‌بات و تێكۆشانى كردووه و خوێن و گيانى بۆ كردووه‌ته قوربانى، بۆيه هه‌رگيز ده‌ستبه‌رداريان نابێت، ئێمه‌ش وه‌ك هه‌ميشه به هه‌موو توانايه‌ك پارێزهريان ده‌بين.
له به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌دا هاتووه: هه‌ر له‌م ياده‌دا داكۆكى له بايه‌خ و گرنگيى رۆژنامه‌گه‌رى و ئه‌ركى رۆژنامه‌نووسان دهكهينهوه كه هه‌ميشه ره‌چاوى كارامه‌يى و پيشهييبوون بكه‌نه‌وه، ئهركهكهيان به‌رپرسانه و به دروستى راپه‌ڕێنن، به ويژدانهوه راستييه‌كان وه‌ك خۆى بگه‌يه‌نن، به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى وڵات بخه‌نه سه‌رووى هه‌موو شتێكه‌وه، به ره‌خنه‌ى بنياتنه‌ر و تێبينى و سه‌رنجتان، هاوكار و يارمه‌تيده‌رى داموده‌زگا و دامه‌زراوه نيشتمانييه‌كان بن، بۆ راستكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كان و باشتركردنى ئه‌زموونى هه‌رێمى كوردستان.