یاریدهدەری وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا: له پشتیوانیكردنی پێشمهرگه بهردهوام دهبین
"پەیوەندییەكانی ئێمە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان زۆر مێژوویی و بەھێزن"

K24 - ههولێر:
یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران بۆ کوردستان24 رایگەیاند، ئەوان پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و دووپاتی لەسەر پشتیوانییە هەمەلایەنەکانی بۆ هێزی پێشمەرگە کردەوە.
جێنیفەر گاڤیتۆ، یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا گوتی: پەیوەندییەكانی ئێمە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان زۆر مێژوویی و بەھێزن و من دەرفەتی ئەوەم ھەبووە، كە لە نزیكەوە سەردانی مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بكەم.
گوتیشی: نامەوێت لەئێستاوە پێشبینی ھیچ شتێك بكەم، ھەموو نیگەرانییەكانی ئێمە لەسەر پێكھێنانی كابینەی نوێی عێراقە، ھاوكات یەكگرتووی كوردەكانە، لهگهڵ ئهوهشدا بەرەوپێشچوون بۆ ئەوەی گوزەرانی خەڵك لەچوارچێوەی عێراقێكی فیدراڵ فەراھەم بكرێت.
سەبارەت بە پرسی نەوت و گازیش، گاڤیتۆ دەڵێت، ئێمە لە گرنگی ئەو كانزایانە بۆ ئابووری حكومەتی عێراق و ھەرێمی كوردستان تێدەگەین و پشتیوانی لە عێراقێكی دیموكرات و یەكپارچە دەكەین، كە ھەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.
سەبارەت بە هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا روونیكردهوه، ئامانجی ئێمە ئەوەیە كە دڵنیا بینەوە، ھێزە ئەمنییەكانی عێراق توانای بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشەكانیان دەبێت، ئەوە ھێزی پێشمەرگەش دەگرێتەوە و ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانییە ھەمە لایەنەكانمان، بەتایبەت لەبواری چاكسازیكردن لەو كەرتەدا.