د. عادل باخەوان: سەردانەکانی مەسرور بارزانی لەو ئاستە بەرزەدا گەورەترین دەستکەوتن بۆ هەرێمی کوردستان
"دەکرێت سەرمایەگوزاری بە سەردانەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بکرێت"

K24 - هەولێر:
د. عادل باخەوان بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کوردستان24 راگەیاند، "ئەوەی هەرێمی کوردستانی لە ساڵانی نەوەدەکانەوە دروستکرد و هێشتیەوە، ئیرادەی سیستمی نێودەوڵەتی بوو، ئیرادەی وڵاتانی سیستمی نێودەوڵەتی بوو، بە تایبەتی ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا".
نووسەر و کۆمەڵناس، د. عادل باخەوان، لەبارەی سەردانەکانی سەرۆک وەزیران گوتی: "ئەوەی ئەم جۆرە سەردانه دروستی دەکات، ئیتر هەر کەسێک لە پۆستی سەرۆک وەزیراندا بێت، گرنگ نییە کێیە، گرنگ پۆستەکەیە، ئەوەی گرنگە حکومەتی هەرێمی کوردستانە، سەردانەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەردانەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو ئاستە بەرزەدا، گەورەترین دەستکەوتن بۆ هەرێمی کوردستان، کە دەکرێت سەرمایەگوازیان پێوە بکرێت".
بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق باسی لەوەش کرد، "بەداخەوە دەستەی دیپلۆماسیەتی کوردی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هێندە بەهێز نییە، هێندە تۆکمە نییە، هێندە عەقڵانی نییە، کە بتوانێت وەبەرهێنان بەمجۆرە سەردانانەوە بکات".
د. عادل باخەوان لەبارەی بەکارهێنانی سەرچاوەکانی وزە لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا "هەرێمی کوردستان ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی رووسیا، تەنانەت قەتەر و ئیسرائیلیش ناتوانن ببن بە جێگرەوەی رووسیا، بەڵام ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، ئەوەیە لە رێگهی سەرچاوەکانی وزەوە، قەناعەت بە وڵاتانی سیستمی نێودەڵەتی بکات، کە چۆن لە بواری تیرۆریزم و ئاسایش و سەقامیگیریدا هاوبەشێکی باوەڕپێکراوبێت، لە بواری وزەشدا، هەرێمی کوردستان دەتوانێت هەمان پەیام بنێرێت بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەوە بخاتەڕوو، کە کوردستان جێگرەوەی کەس نییە لە وزەدا، بەڵکو هاوبەشێکی وزەیە".