عارف روشدی: سه‌ردانی سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ به‌ریتانیا چه‌ندین په‌یامی گرنگی له‌پشته
"به‌ریتانیا ئاگاداری هه‌موو ورده‌كارییه‌كانی دۆخی كورده و سه‌رقاڵی پێداچوونه‌وه‌یه به هه‌ڵوێسته‌كانی به‌رامبه‌ر به كورد"

K24- هه‌ولێر:
عارف روشدی، راوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌باره‌ی سه‌ردانی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ وڵاتی به‌ریتانیا و ئامانج و گرنگی ئه‌و سه‌ردانه و میكانیزم و پرۆتۆكۆڵی پێشوازیكردن له سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌لایه‌ن به‌رپرسه باڵاكانی به‌ریتانیاوه گوتی: له‌كاتێكدا به‌ریتانیا زلهێزێكی جیهانییه و ئه‌گته‌رێكی كارایه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، سه‌ردانی شاندی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌سه‌ر بانگهێشتێكی فه‌رمی ئه‌و وڵاته بووه، گرنگی ئه‌م سه‌ردانه‌ش بۆ گرنگیی پێگه‌ی سیاسی، ئابووری و ئه‌منی هه‌رێمی كوردستان له ناوچه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
عارف روشدی تایبه‌ت به كوردستان24 گوتیشی: به‌ریتانیا ده‌یه‌وێت مامه‌ڵه‌یه‌كی باشتر له‌گه‌ڵ ئه‌و پێگه گرنگه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات. دووپاتیشیكرده‌وه، راسته ئێمه گرێدراوی وڵاتێكین به‌ناوی عێراق، به‌ڵام ئێمه چه‌ند جیاوازییه‌كمان له‌گه‌ڵ شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراقدا هه‌یه، ئه‌مه‌ش وایكردووه ببینه جێگه‌ی گرنگیدانێكی زیاتر لای وڵاتانی دیكه، هه‌وره‌ها له هه‌رێمی كوردستان چه‌ند ئه‌ركێك جێبه‌جێ ده‌كرێن، كه له ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق بوونیان نییه، له‌وانه‌ش پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان. جیا له‌وه‌ش هه‌رێمی كوردستان سه‌رچاوه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندی وزه‌یه، ئه‌و هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بوونه‌ته جێگه‌ی تێڕامانی وڵاتانی جیهان و لێكدانه‌وه‌ی ئه‌رێنییان بۆ كراوه.
له وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی: له‌كاتێكدا دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارێكی له دژی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی فرۆشتنی نه‌وت و غاز بڵاوكردووه‌ته‌وه، هاوكات به‌هۆی شه‌ڕی رووسیا و ئۆكرانیا گۆڕانكاری نوێ له‌سه‌ر ئاستی جیهان روویداوه، سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌و ئان و ساته‌دا چ گرنگییه‌كی هه‌یه؟ عارف روشدی جه‌ختیكرده‌وه، یه‌كه‌م: دادگای فیدراڵ به‌و بڕیاره‌ی هه‌ندێك له كێشه‌كانی قووڵتر كردووه‌ته‌وه و ده‌شزانین كه ئه‌م بڕیاره هه‌ڵگری ئه‌جێندایه‌كی سیاسییه و نه‌ده‌بوو بڕیارێكی ئه‌مشێوه‌یه بدات.
هه‌وره‌ها گوتی: عێراق نوقمی كێشه بووه و پێویست نه‌بوو دادگا به‌و بڕیاره كێشه‌ی دیكه بۆی دروست بكات، ئه‌و حكومه‌ته‌ش ئێستا هه‌یه، حكومه‌تێكی كاربه‌ڕێكه‌ره و ناتوانێت هه‌موو بڕیارێك جێبه‌جێ بكات، بۆیه پێویست بوو ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای فیدراڵ بگوازرێته‌وه بۆ حكومه‌تی داهاتوو، ئه‌وكات لێكتێگه‌یشتنی زیاتر له‌وباره‌یه‌وه ده‌كرا.
گوتیشی: له‌و سه‌ردانه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ به‌ریتانیا تاوتوێی ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای فیدراڵی عێراقی كراوه و به به‌ریتانیا راگه‌یه‌ندراوه، كه ئه‌و بڕیاره ده‌رهاویشته‌ی چ ئه‌جێندایێكه، به‌تایبه‌ت له‌ڕووی سیاسییه‌وه، له‌كاتێكیشدا به‌ریتانیا دامه‌زرێنه‌ی ئه‌م وڵاته‌یه، له هه‌موو وڵاتێكی دیكه‌ی جیهان زیاتر ئاگاداری بارودۆخی عێراقه.
ئه‌و راوێژكاره‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دووپاتیكرده‌وه، هه‌رچه‌ند تا ئێستا هیچ لایه‌نێكی به‌رپرس له عێراق به‌رهه‌ڵستی خۆی بۆ ئه‌و سه‌ردانه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ وڵاتی به‌ریتانیا ده‌رنه‌بڕیوه، به‌ڵام پێویسته ئه‌و سه‌ردانه له‌سه‌ر ئاستی عێراق به سه‌ركه‌وتوو بزانرێت، چونكه ئامانجی ئه‌م سه‌ردانه بۆ زیانگه‌یاندن نییه به عێراق، به‌ڵكو بۆ هاوكاریكردنی عێراقه بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گشتگیر بۆ كێشه‌كان.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، به‌ریتانیا زۆر به وردی ئاگاداری دۆخی كورده و په‌یوه‌ندییه مێژووییه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد بۆ ساڵانێكی دوور و درێژ ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆیه ئێستا ئه‌و وڵاته خه‌ریكی پێداچوونه‌وه‌یه به هه‌ڵوێسته‌كانیدا به‌رامبه‌ر به كورد، به‌تایبه‌ت له عێراق.. هه‌روه‌ها به‌ریتانیا ئه‌و وڵاته‌یه كه رۆڵێكی كاریگه‌ری له ده‌ركردنی بڕیاری 688ی ساڵی 1991 هه‌بووه، بۆ راگه‌یاندنی ناوچه‌ی دژه‌فڕین له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م سه‌ردانه‌ش ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی به‌هێزتر و پته‌وتر ده‌كات.
گوتیشی: سه‌ردانه‌كه‌ی شاندی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌ریتانیا له ساتێكی زۆر هه‌ستیاردایه، ئه‌و شه‌ڕه‌ی له نێوان رووسیا و ئۆكرانیا هه‌ڵگیرساوه، ناكرێت ته‌نها به شه‌ڕی نێوان دوو وڵات ناوببرێت، چونكه ئه‌م شه‌ڕه له نێوان رووسیا و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌لایه‌ك و ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له لایه‌كی دیكه‌دایه و لایه‌نێكی گرنگی ئه‌و جه‌نگه‌ش لایه‌نێكی ئابوورییه، چونكه رووسیا ئه‌و وڵاته‌یه كه رێژه‌یه‌كی زۆری غازی سروشتی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا و گه‌نم بۆ زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان دابین ده‌كات، چوونی شاندی ئێمه له‌و كاته هه‌ستیاره‌دا هه‌ڵگری په‌یامگه‌لێكه، له‌وانه‌ش لایه‌نی وزه، كه كوردستانیش خاوه‌ن یه‌ده‌گێكی زۆری نه‌وت و غازه، به‌ڵام ئێمه هه‌رگیز نه‌مانگوتووه ده‌بینه جێگره‌ی رووسیا یان ئێران له بازاڕی وزه، به‌ڵام مافی ئێمه‌یه له چوارچێوه‌ی وڵاتێكی دانپێدانراوی وه‌ك عێراق، ئێمه‌ش وه‌ك هه‌رێمێكی ده‌ستووری بتوانین سوود له سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی خۆمان وه‌ربگرین، كه ئه‌مه هه‌م بۆ ئێمه باشه و هه‌میش ده‌توانین به‌شێك له‌و بارگرانییه سووك بكه‌ین، كه به‌هۆی جه‌نگی رووسیا و ئۆكرانیا باڵی به‌سه‌ر جیهاندا كیشاوه.