"ئێران لەبارەی هێرشە مووشەکیەکەی هەولێر هیچ بەڵگەیەکی پێشکەش نەکردووە"
فوئاد حوسێن: ئێران بە نیازبوو شاندێک بنێرێت

K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی عێراق رادەگەیەنێت، ئەو شوێنەی ئێران لە هەولێر بە مووشەک کردیە ئامانج، بارەگای هیچ لایەنێک نەبووە و ئێرانیش هیچ بەڵگەیەکی پێشکەش نەکردووە.
فوئاد حوسێن لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی حەدەسی سعوودی رایگەیاند "ئەو شوێنەی هەولێر کە ئێران لە مانگی ئادار بە مووشەک کردیە ئامانج، تەنیا خانوویەکی نیشتەجێبوون بووە و بارەگای هیچ لایەنێک نەبووە، هیچ بەڵگەیەکیشیان دەستنەکەوتووە کە تۆمەتەکانی ئێران بیسەلمێنێت و تارانیش هیچ بەڵگەیەکی پێشکەش نەکردووە".
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد "ئێران بە نیازبوو شاندێک بنێرێت و بەڵگە بۆ تۆمەتەکانی پێشکەش بکات، بەڵام شاندەکەی نەناردووە و هیچ بەڵگەیەکیشی پێشکەش نەکردووە".
بەرەبەیانی 13/3/2022، ئێران لە رێگەی چەند مووشەکەوە خانوویەکی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییەکی لە هەولێر کردە ئامانج و زیانی ماددی گەورە بەر خانووەکە کەوت، دوای لێکوڵینەوەی لیژنەی تایبەتی پەرلەمانی عێراق و هاتنی خودی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ شوێنی بۆردومانەکە، هەموو لایەنێک گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە خانووەکە سڤیل نشینە و بارەگای هیچ لایەنێک نییە.