شاره‌زایه‌كی عێراقی: وشكه‌ساڵی دیجله و فورات وشك ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
پسپۆرێكی تایبه‌تمه‌ندی عێراقی له بواری سه‌رچاوه‌كانی ئاو ئاشكرای ده‌كات، به‌هۆی وشكه‌ساڵی، كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو، بارانبارین و گۆڕانی كه‌شوهه‌وا، زه‌نگی مه‌ترسی له‌باره‌ی وشكبوونی هه‌ردوو رووباری دیجله و فورات لێدرا.
سوعاد ئه‌لعه‌زاوی، شاره‌زا له بواری سه‌رچاوه‌كانی ئاو و هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دكتۆرا له بواری ئه‌ندازیاری ژینگه له زانكۆی كولۆرادۆ له ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كێشه‌ی كه‌مئاوی له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوو، زه‌نگی مه‌ترسی به بیابانبوونی عێراق و نه‌مانی هه‌ردوو رووباری دیجله و فورات لێدرا.
ئه‌لعه‌زاوی راشیگه‌یاند، به‌هۆی به‌رده‌وامبوونی وشكه‌ساڵی، گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و كه‌مبوونه‌وه‌ی بارانبارین، له‌ماوه‌ی 20 ساڵی داهاتوو مه‌ترسی وشكبوونی هه‌ردوو رووباری دیجله و فورات ده‌كرێت.
ئه‌و پسپۆره‌ی بواری سه‌رچاوه‌كانی ئاو راشیگه‌یاند، هۆكارێكی دیكه‌ی وشكبوونی دیجله و فورات، دروستكردنی 100 به‌نداوی گلدانه‌وه‌ی ئاوه له‌لایه‌ن توركیاوه، جیا له گرتنه‌وه‌ی ئاو له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند، به‌هۆی گرتنه‌وه‌ی ئاو له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه، هه‌روه‌ها دروستكردنی 100 به‌نداو له‌لایه‌ن توركیا، له 20 ساڵی داهاتوو عێراق دووچاری وشكبوون ده‌بێته‌وه، تا ئه‌و ئاسته‌ی هه‌ردوو رووباری دیجله و فورات چیدیكه وه‌ك رووبار نامێنن.
نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان راشیگه‌یاند، ئه‌و ژماره بچووكه‌ی به‌نداوه‌كانی عێراق نابنه رزگاركه‌ری ئه‌و وڵاته، چونكه سیاسه‌تی ئاو و نوژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌نداوه‌كان له عێراق له ئاستێكی لاوازدایه.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عێراق له گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی توركیا و ئێران به‌رده‌وامه، بۆ ئه‌وه‌ی ئیستحقاقی ئاوی وڵاته‌كه‌ی ده‌سته‌به‌ر بكات.
هه‌ر له‌باره‌ی بۆچوونی ئه‌و پسپۆره عێراقییه، رێكخراوی ئاوی ئه‌وروپی و رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی ئاو، له دوو توێژینه‌وه‌دا رایانگه‌یاندووه، تا ساڵی 2040 هه‌ردوو رووباری دیجله و فورات وشك ده‌بن، كه هۆكاره‌كه‌ی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی دراوسێكانی عێراق له‌باره‌ی پرسی ئاو پێڕه‌وی ده‌كه‌ن.
درێژی رووباری دیجله 1850 كیلۆمه‌تره و فوراتیش 3000 كیلۆمه‌تر، هه‌ردوو رووبار له باشووری رۆژهه‌ڵاتی توركیا هه‌ڵده‌قوڵێن، به‌ناو سووریا و عێراقدا تێده‌په‌ڕن، تاوه‌كو له شه‌تولعه‌ره‌ب یه‌كده‌گرنه‌وه، پاشان بۆ ناو كه‌نداوی عه‌ره‌بی ده‌چن، وه‌ك سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی بواری كشتوكاڵ و خواردنه‌وه به‌كار دێن.