رووسیا وهڵامی ئهمهریكا دهداتهوه
جێگری باڵیۆزی رووسیا له (UN): کاتێکی ئهوه نییه ئاگربەست رابگهیهندرێت، چونکە دهبێته دەرفەت بۆ ئۆکرانیا بۆ ئهوهی کاری هاوشێوەی بوچا ئەنجام بداتەوە
K24- ههولێر:
رووسیا وەڵامی وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا دەداتەوە، کە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا لە کیێڤ گوتبووی: رووسیا شکستی هێناوە.
دمیتری پۆلیانسکی، جێگری باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند: رووسیا شکستی نەهێناوە، چونکە ئەوەی رووسیا دەیکات ئۆپەراسیۆنی تایبەتە نەك شەری سەرتاسەری.
دمیتری پۆلیانسکی له درێژهی گوتهكانیدا گوتی: "پێموانیە شکستمان هێنابێت، ئێمە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی خۆمان ئەنجامداوە و ئەوە شەڕ نیە و ئۆپەراسیۆنی تایبەتە و ستراتیژی و ئامانجی خۆمان هەیە و هیچکات نەمانوتووە شەرێکی سەرتاسەرییە".
ئاماژهی بهوهشدا، "لەوانەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا وا بیر بکاتەوە، کە شەڕێکی سەرتاسەرییە. زۆر زحمەتە قسە لەسەر گوتەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا بکەم، چونکە زۆر دژ بە یەکن".
ههروهها گوتی: "ئێستا كەناڵەکانی پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمهریکا زۆر بەرتەسك بوونەتەوە، هەندێك شتی تایبەت هەن، کە ئێمە دەبێ بە دۆستە ئەمهریکاییهكانمانی بڵێن. لەگەڵ ئەوەشدا پێموانیە هیچ له ستراتیژیهتی ئێمە گۆڕابێت".
دووپاتیشیكردهوه، "پێموانیە ئێستا کاتێکی گونجاو بێت بۆ راگەیاندنی ئاگربەست، چونکە ئاگربەست دەرفەت دەداتە ئۆکرانیا خۆی رێکبخاتەوە و کاری هاوشێوەی بوچا ئەنجامبداتەوە".
H.B