داعش لە چەند ناوچەیەک خۆی رێکدەخاتەوە
"چالاکبوونەوەی داعش پەیوەندی بە دۆخی سیاسیی عێراقەوە هەیە"

K24 - گەرمیان
چەکدارانی داعش چەند رۆژێکە لە سنووری دیالە و رومادی و کەرکووك، ھێرش و پەلامارەکانیان بۆ سەر ھێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق زیادکردووە، زۆربەی ھێرشەکانیشیان بە شەو ئەنجامدەدەن، ئەفسەرێکی پێشمەرگەش دەڵیت: ھێزەکانی عێراق شەوان لە بارەگاکانیان دەرناچن ئەمەش دەرفەتی زیاتری بە جمووجۆڵی داعش داوە.
بۆ دوورخستنەوەی چەکدارانی داعش و نەهێشتنی مەترسی لەناوچەکە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراقی، بە بەشداری هێزی ئاسمانی و هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی، سوپای عێراق لە 23/4/2022، قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی پتەوی"ـی لە رۆژئاوای عێراق دەستپێکردووە.
بەختیار محەمەد، ئەفسەری هێزی پێشمەرگە بە کوردستان24ی راگەیاند: "هەموو ئەو شوێنانەی لە ساڵی 2014 داعش داگیری کردن، ئێستا لەو شوێنانە چەکدارانی داعش لە شێوەی گرووپی بچووک دەستیان بە جووڵە کردووەتەوە و ناوە ناوە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی".
گوتیشی: "بە بۆچوونی من چالاکبوونەوەی داعش لەو ناوچانە، هۆکارەکەی چەقبەستووی دۆخی سیاسی لە عێراق و پێکنەهێنانی کابینەی حکومەتە، هاوکات پەیوەندیی نێوان هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگە لاوازە، تەنها لە ئاستی هەواڵگرییە".
هەر پەیوەست بە هێرشەکانی ئەم دوایەی چەکدارانی داعش لە هەندێک ناوچەی عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. جەمال حەمە رەشید ئەفسەری هێزی پێشمەرگە دەڵێ: "هێزەکانی عێراق لەو سنوورانە بە رۆژ لەسەر شەقام و گردەکانی ناوچەکە دەردەکەون، بەڵام لە کاتەکانی شەواندا هەست بە ئامادەییان ناکرێت و دیار نین".
ئەو ئەفسەرەی هێزی پێشمەرگە جەختیکردەوە: "ئێمە وەک هێزی پێشمەرگە لە هەر سنوورێک بین بێ جیاوازی هەموو پێکهاتەکان دەپارێزین".