ئۆکرانیا داوای 2 ملیار دۆلاری مانگانە لە ئەمهریکا دهكات
K24 - ههولێر:
سێرخی مارچینکۆ، وەزیری دارایی ئۆکرانیا رایگهیاند، بۆ ھاوکاری دارایی بەپەلە داوای لانیکەم مانگانە دوو ملیار دۆلاری لە ئیدارەی سەرۆکی ئەمهریکا جۆ بایدن کردووە.
بەپێی ھەواڵێکی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست-ی ئەمهریکی، وەزیری دارایی ئۆکرانیا لە واشنتن لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ بەرپرسە ئەمهریکییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییە بەپەلەکان تاکو مانگی حوزەیران داوای دوو ملیار دۆلاری لە ئەمهریکا و کۆی گشتی پێنج ملیار دۆلار ھاوکاری ئابووری نێودەوڵەتی کردووە.
مارچینکۆ، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە بۆ دابینکردنی ئابووریی پێویست و بردنەوەی جەنگەکە دەبێت بەزووترین کات کەلێنە ئابوورییەکان دابخەین.
سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی وەرزی بەھاری بانکی جیھانیی سەر بە سندووقی نەختی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوە کردبوو، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە ئابوورییانەی کە لە ھێرشەکانی رووسیاوە سەریھەڵداوە ئۆکرانیا مانگانە پێویستی بە حەوت ملیار دۆلار ھاوکاری ھەیە.
لەلای خۆیەوە جانێت یەلەن وەزیری گەنجینەی ئەمهریکا، ھەفتەی رابردوو لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، ئیدارەی بایدن ئامادەکاری بۆ داواکردنی ھاوکاری زیاتر بۆ ئۆکرانیا لە کۆنگرێس دەکات.