ڤۆن دێرلاین: سەردەمی وزەی رووسیا لە ئەوروپا کۆتاییهات

رووسیا لە دابەشکردنی یەکێتی ئەوروپادا شکستی هێنا و هیچ وڵاتێکی ئەندامی یەکێتییه‌كه‌ ئامادە نیە داواکارییەی مۆسكۆ قبووڵ بکات

K24- هه‌ولێر:

ئۆرسۆلا ڤۆندێر لاين، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، رووسیا لە دابەشکردنی یەکێتی ئەوروپادا شکستی هێنا و سه‌رده‌می وزه‌ی رووسیا له‌ ئه‌وروپا كۆتاییهات.

سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا دەڵێ: هیچ وڵاتێکی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا ئامادە نیە داواکارییەی روسیا قبوڵ بکات و بە رۆبڵ پارەی کڕینی گاز بدات.

ئه‌م گوتانه‌ی ڤۆندێر لاین له‌ میانه‌ی گوتارێكدا له‌ باره‌گای كۆمسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا هاتوون و گوتی: کرێملن جارێکی دیکە شکستی هێنا، سەرۆکی رووسیا لە هەوڵەکانیدا بۆ دابەشکردنی یەکێتی ئەوروپا شکستی هێنا".

هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه‌، "سەردەمی وزەی رووسیا لە ئەوروپا کۆتاییهات. ئەوروپا هەنگاو بەو ئاراستەیە دەنێت، کە واز لە وزەی رووسیا بهێنێت".

گوتیشی"داواکارییەکەی رووسیا بەوەی پارەی گاز بە رۆبڵ بدرێت، تاکلایەنە بوو و پێچەوانەی گرێبەستەکانە. ئەو کۆمپانیانەی گرێبەستیان کردووە نابێ بچنە ژێر باری داواکارییەکانی رووسیا. چونکە قبوڵکردنی داواکاری رووسیا دەبێتە هۆی شکاندنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە، ئەمەش لێکەوتەی خراپی دەبێت بۆ کۆمپانیاکان".

H.B