بەڕێوەبەری بانک و دەروازە سنوورییەکان بانگێشتی پەرلەمان دەکرێن

لیژنەی دارایی: بە نووسراوی فەرمی داوامان کردووە بێنە پەرلەمان و روونکردنەوە بدەن

پەرلەمانی كوردستان
پەرلەمانی كوردستان

K24 - هەولێر

زیاتر لە مانگێكە داوا كراوە بەرێوەبەری گشتی بانكەكان و دەروازە سنوورییەكان بێنە پەرلەمانی کوردستان و وەڵامی پرسیاری لیژنەی دارایی بدەنەوە، بەڵام تا ئێستا نەھاتوونەتە پەرلەمان، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی دەڵێت بەشێك لە ھۆكارەكەی پەیوەندی بە دەوامنەكردنی وەزیری دارایی هەبووە، ئێستا وەزیری دارایی گەڕاوەتەوە وەزارەتەكەی و دوای جەژن ھەمووھەوڵێك دەدەین بێنە پەرلەمان، بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕانیش نایشارێتەوە بەشێك لە ھۆكاری قەیرانەكە سیاسییە.

یەكێك لە قەیرانەكانی ئێستای سلێمانی كە خانەنشینان و بەشێك لە فەرمانبەران و مووچەخۆران بوونەتە قوربانی  دیارنەمانی داھاتە، دوای كۆكردنەوەی لە بانكەكان دەبردرێت، بۆ ئەوەی پەرلەمان و رای گشتی بزانن پارەكە لە كوێیە و میكانیزمێك بدۆزرێتەوە بۆ چارەسەركردنی، داوا كراوە بەڕێوەبەری گشتی بانكەكان و دەروازە سنوورییەكان بێنە پەرلەمان و لە بەردەم لیژنەی دارایی راستییەكان بخەنەڕوو.

ھێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی بە کوردستان24ی راگەیاند: "بە نووسراوی فەرمی داوامان کردووە بەڕێوەبەری دەروازە سنوورییەکان و بانکەکانی پارێزگاکان بێنە پەرلەمان و لە لیژنەی دارایی روونکردنەوە لەسەر داهات بدەن کە داهاتی دەروازەکان چەندە و هەمووی دێتە گەنجینەی گشتی؟".

گوتیشی: "ئەو بابەتە بەهۆی دەوامنەکردنی وەزیری دارایی دواکەوتووە، ئێستا دەستی بە دەام کردووەتەوە و دوای جەژن هەموو هەوڵێک دەدەین، بێنە پەرلەمان روونکردنەوە بدەن، ئێمەش بە راستییەکان بۆ خەڵک دەخەینەڕوو".

بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت، بە گەڕانەوەی وەزیری دارایی بۆ سەر كارەكەی ئەو كێشە ئیداریانە چارەسەر دەبن، کە بەشێكیان سیاسین.

جەلال محەمەد ئەمین، بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەو پێیەی لە ماوەی رابردوودا وەزیری دارایی بەهۆی هەندێک نیگەرانییەوە دەوام نەکرد، ئاستەنگ بۆ هەندێک نووسراوە فەرمییەکان دروستبوو، بەو ئومێدەی لە داهاتوودا بەڕێوەبەری بانک و دەروازە سنوورییەکان بێنە پەرلەمان و لە لیژنەی دارایی گرفتەکان بخەنەڕوو، بۆ ئەوەی هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکان بدرێت".

ئاماژەی بەوەشدا: "ئێمە پێمان وایە بەشێک لە گرفتەکان چەند ئیدارین هبێندەش سیاسیین، بە چارەسەرکردنی دۆخە سیاسییەکە ئەو دۆخەش چارەسەر دەبێت، بێگومان بە گەڕانەوەی وەزیری دارایی بۆ سەر کار، بەشێک لە گرفتەکان چارەسەر دەبن".

لە پاڵ قاچاخچیەتی لە دەروازە سنوورییەكانی سلێمانی، ئێستا ئەو داھاتە ناوخۆیانەش كۆدەكرێتەوە کە لە كۆتایی ھەفتە لە بانكەكان دەبردرێت، ئەمەش وایكردووە بەشێك لە مووچەخۆران و خانەنشینان چەندین رۆژ لەبەردەم بانكەكان بمێنەوە و بە دەستبەتاڵی بڕۆنەوە ماڵەوە، لیژنەی دارایی مەبەستیەتی بزانێت ئەو پارەی دەبردرێت چی لێدەكرێت و میكانزمێكیش بۆ چارەسەرکردنی بدۆزێتەوە، بەڵام تا ئێستا دیار نیە كەی دێنە پەرلەمان.