داعش بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی کابولی لە ئەستۆ گرت
لە تەقینەوەکەدا ژنێك کوژرا و سیانی دیکەش بریندار بوون
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی ئایاری 2022، داعش بەرپرسیارێتی تەقینەوەیەکی لە ئەستۆ گرت کە لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان پاسێکی بەئامانج گرتبوو.
بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، لە ئاکامی تەقەینەوەکە ژنێك کوژرا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەمە دووەم تەقینەوەیە لە ماوەی هەفتەیەکەدا کە لە کابول روودەدات، هەینی رابردوو لە تەقینەوەیەکی دیکەدا کە مزگەوتێک بەئامانج گیرابوو، 10 کەس کوژران و دەیانی دیکەش بریندار بوون.
داعش بەرپرسیارێتی چەندین هێرشی ئەم دواییەی ئەفغانستانی گرتە ئەستۆ، بەتایبەتی ئەوانەی هێرشانەی کەمینەکانی شیعە مەزهەب دەکەنە ئامانج.
سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی تاڵیبان دەڵێن هێزەکانیان داعشیان تێکشکاندووە، بەڵام شیکەرەوەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە گرووپە جیهادییەکان بەردەوامن لە دروستکردنی گرتفی ئەمنی گەورە لەو وڵاتەدا.