خەڵکی بۆکان دژی لکاندنی قەرەگۆلن بە میاندواو

"ئەو کارە پێکدادانی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و سیاسی لێ دەکەوێتەوە"

ئەنوەر حەبیبزادە لە ناو پەرلەمانی ئێران قسە دەکات
ئەنوەر حەبیبزادە لە ناو پەرلەمانی ئێران قسە دەکات

K24 - هه‌ولێر:

نوێنەری بۆکان لە پەرلەمانی ئێران لە نامەیەکدا بۆ وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە داوای کرد جیاکردنەوەی گوندی قەرەگۆل لە بۆکان و لکاندنی بە شاری میاندواو پەسند نەکات.

ئەنوەر حەبیبزادە نوێنەری شاری بۆکان لە پەرلەمان ئێران لە نامەکەیدا بۆ وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە باس لە لێکەوتە سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابوورییەکانی ئەو داوایە لە ئەگەری پەسندکردنی دەکات.

وەک لە نامەکەی حەبیبزادەدا هاتووە، ئەنجوومەنی شار و گوندەکانی بۆکان، پیاوماقووڵان و کەسایەتییە ئایینەییەکان بە تەواوی دژی ئەو داوایەن.

پێشتر نوێنەری شاری میاندواو داوای کردبوو گوندی قەرەگۆل لە سنووری ئیداری بۆکان جیا بکرێتەوە و بخرێتە سەر سنووری ئیداری میاندواو.

قەرەگۆل کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردن، 30 کیلۆمەتر لە ناوەندی میاندواو (زۆرینەی دانیشتووانی تورکن) و هەشت کیلۆمەتر لە شارەدێی سیمینەی سەر بە بۆکان دوورە.  

حەبیبزادە دەڵێ بە هۆی جیاوازی نەتەوەیی، فەرهەنگی و ئایینی قەرەگۆل لەگەڵ دانیشتووانی میاندواو "ئەو کارە پێکدادانی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و سیاسی لێ دەکەوێتەوە".

قەرەگۆل دەکەوێتە نێوان شارەکانی بۆکان و میاندواو و لە رووی کشتوکاڵییەوە زۆر گرنگە، زەوی بە پیت و بەرەکەتی هەیە و بە هۆی بوونی گۆلێکی گەورەش، بووتە ناوەندێکی گەشتیاریی ناوچەکە.

نامەی نوێنەری بۆکان لە پەرلەمانی ئێران بۆ وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە
نامەی نوێنەری بۆکان لە پەرلەمانی ئێران بۆ وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە

 

Fly Erbil Advertisment