رووسیا هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له‌م وڵاتانه ده‌كات
"به‌رپرسانی رووسیا له رێگه‌ی گوتاره پڕ له هه‌ڕه‌شه‌كانیان ترس له ریزی ناتۆ بڵاوده‌كه‌نه‌وه"

K24 – هه‌ولێر:
به گوێره‌ی بۆچوونی شڕۆڤه‌كاران، هه‌ڕه‌شه‌كانی مۆسكۆ له‌باره‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له‌و وڵاتانه‌ی پاڵپشتی ئۆكرانیایان كردووه، دوو ئاراسته له‌خۆ ده‌گرێت، ئه‌وانیش هۆشدارییه بۆ ئه‌م وڵاتانه، دووه‌میش ئاماده‌كاری رووسه‌كانه بۆ ده‌ستپێكردنی جه‌نگ دژی وڵاتانی ئه‌ندام له ناتۆ.
رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا له گوتارێكدا رایگه‌یاند، به خێرایی هه‌وره‌تریشقه تۆڵه له‌م وڵاتانه ده‌كه‌ینه‌وه كه پاڵپشتی ئۆكرانیا ده‌كه‌ن.
به‌ر له چه‌ند رۆژێكیش سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا له دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا رایگه‌یاند، ناتۆ كه‌وتووه‌ته رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ رووسیا، ئه‌میش له رێگه‌ی پڕچه‌ككردنی بریكاره‌كه‌ی (مه‌به‌ستی ئۆكرانیایه).
گۆڤاری "نیوزویك"ـی ئه‌مه‌ریكی له‌مباره‌یه‌وه رایگه‌یاند، به‌رپرسانی رووسیا له رێگه‌ی گوتاره پڕ له هه‌ڕه‌شه‌كانیان ترس له ریزی ناتۆ بڵاوده‌كه‌نه‌وه، هه‌ندێكیش پێیان وایه ئه‌مه بۆ راكێشانی دڵ و سۆزی هاووڵاتیانی رووسیایه.
به گوێره‌ی بۆچوونی یووری جۆكۆڤ، پسپۆری سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له زانكۆی میشیغانی ئه‌مه‌ریكا، ریكلامه‌كانی رووسیا ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن مۆسكۆ شه‌ڕی له‌گه‌ڵ ئۆكرانیادا نییه، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ناتۆ له جه‌نگدایه.
جوكوڤ راشیگه‌یاند، به‌مشێوه رووسیا زیانه سه‌ربازییه‌كانی به هاووڵاتیانی راده‌گه‌یه‌نێت.
جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا گوتاره‌كانی ڤلادیمێر پوتن به بێ هیوابوون وه‌سفكرد، هه‌روه‌ها به شكستی گه‌وره‌ی ناوبرد.
بایدن رایگه‌یاند، پوتن كاتێك باسی چه‌كی ناووكی ده‌كات، بۆ شاردنه‌وه‌ی شكسته‌كانییه‌تی له ئۆكرانیا.