مووچه‌خۆرانی 5 وه‌زاره‌ت و خانه‌نشینانی سلێمانی جه‌ژن به‌بێ مووچه‌ به‌ڕێ ده‌كه‌ن

په‌نجه‌ی تۆمه‌تى به‌رپرسیارێتی كێشه‌ داراییه‌كانی سلێمانی بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كه‌می ئه‌و شاره‌ درێژ ده‌كرێت

K24- سلێمانی:

بەهۆی نەمانی پارە لە بانكەكانی سلێمانی، مووچەخۆرانی 5 وەزارەت و خانەنشینانی سلێمانی مووچەی مانگی 3ـیان وەرنەگرتووە و جەژن بەبێ مووچە بەڕێ دەكەن، خانەنیشینێكیش بۆ دڵنەوایی خۆی دەچێتە به‌رده‌م بانكێكی سلێمانی، بەڵام بانكەكە داخراوە و پێی دەلێن: "پارە نیە دوای جەژن وەرەوە".

دوای 10 رۆژ چاوەڕوانی لە كۆتایدا پارە لەبانكەكانی سلێمانی نەما و خانه‌نشينان جەژن بەبێ مووچە بەڕێ دەكه‌ن، خانه‌نشینێكیش بۆ كوردستان24 ده‌دوێت و ده‌ڵێت: هاتوومه‌ سه‌یری بانكه‌كه‌ بكه‌م، به‌ڵام داخراوه‌، یه‌كێكی دیكه‌ش بۆ دڵنەوایی خۆی هاتوەتە به‌رده‌م بانكه‌ داخراوه‌كه‌، یه‌كێكی دیكه‌ش كه‌ نۆره‌ی مووچە پاڵی پێوه‌نراوە و ملی ئازاری پێگەیشتووە، جەژن بەبێ وەرگرتنی مووچە بەڕێ دەكات.

مانگی 4 تەواوبوو، مووچەخۆرانی 5 وەزارەت و خانەنشینانی سلێمانی مووچەی مانگی 3 یان وەرنەگرتووە، لە بانكەكانی سلێمانی پۆلیس بە خانەنشینانیان گوتووە: پشووە و دەوام نیە و بگه‌ڕێنه‌وه‌، دوای جەژن وەرنەوە.

له‌و باره‌شه‌وه‌ مووچەخۆرانی سلێمانی دەلێن: داهاتی ئەم دەڤەرە وەك داهاتی پەروێزخان و باشماخ و هاتووچۆ و خاڵە گومرگییەکان و باج و رسوومات و غاز و نەوت و پاڵێوگەکان ناچێتەوە وەزارەتی دارایی، هەموو داهاتی نەوتی و نانەوتی لەم سنوورە بۆ ئیدارەی گشتیی یەكێتییە، ئەوانیش بۆ موزایەدە مووچە دابەش ناكەن و سەرەڕای ئەوە چەواشەكاری بڵاودەكەنەوە و رێگرن لەوەی مووچە دابەش بكرێت.

په‌نجه‌ی تۆمه‌تی به‌رپرسیارێتی کێشە دارییەکانی سنووری سلێمانی بۆ دەسەڵاتداری یەکەمی ئەو شارە درێژ ده‌كرێت، كە بەرپرسانی یەكێتین، ئەو بەرپرسانەی یەكێتی پێش هەشتی تەمووز دەیانگوت: باڵێکی ناو حزب لێی بەرپرسە، کە دەركراوەكانی ناو یەكێتین، بەڵام دوای هەشتی تەمووزەوە کێشەکان زیاتر بوون و دۆخەكە خراپتر بووە، مووچەخۆرانیش لەسایەی ئەوانە بەشێكیان جەژن بەبێ وەرگرتنی مووچە بەڕێ دەكەن.  

H.B

Fly Erbil Advertisment