سوپای سوید دەخرێتە ئامادەباشی

سوید لە دورگەی گۆتلاند راهێنان بە سەربازەکانی دەکات

سەربازانی سوید لە دوورگەی گۆتلاند - فۆتۆ: AP - ئەرشیف
سەربازانی سوید لە دوورگەی گۆتلاند - فۆتۆ: AP - ئەرشیف

K24 – گۆتلاند

بەهۆی هەڕەشەکانی رووسیا، سوپای سوید لە دورگەی گۆتلاند خراوەتە ئامادەباشی، کە یەکێکە لە خاڵە ستراتیژییەکانی نێوان ئەوروپا و رووسیا.

ئاوارە هەورامی، پەیامنێری کوردستان24 لە دوورگەری گۆتلاند رایگەیاند: "سوپای سوید لە دورگەی گۆتلاند خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشی و راهێنان بە سەربازەکان دەکرێت، چونکە بەشێک لەو کەسانە هاتوونەتە ئێرە هێشتا نەبوون بە سەرباز، بەگوێرەی یاسای سوید هەر کەسێک پێش ئەوەی ببێتە سەرباز دەبێ بەشداری لە کورسێکی تایبەتی سەربازیی بکات".

ئاماژەی بەوەشکرد: "دوورگەی گۆتلاند نزیکترین خاڵی نزیکی سویدە لە رووسیاوە، کە 350 کیلۆمەتر لە خاکی رووسیاوە دوورە، یەکێکە لە شوێنە ستراتیژییەکان بۆ سوید و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا".

ئەوەشی خستەڕوو: "رووسیا ترسی هەیە لە هەوڵەکانی سوید و فینلەندا، بۆ بە ئەندامبوونیان لە ناتۆ، بۆیە هەڕەشە لەو وڵاتە دەکات، ئەگەر سەربازانی ناتۆ لە دوورگەی گۆتلاند جێگیر بکرێن، رووسیا ناتوانێت بە هیچ شێوەیەک دەستی بە سوید، فینلەندا، لیتوانیا و پۆڵنەدا بگات، بۆیە سوید زۆربەی هێزەکانی لەو دورگەیە جێگیر کردووە و راهێنانیان پێدەکات".

Fly Erbil Advertisment