رووسیا جه‌نگ راده‌گه‌یه‌نێت
"به‌رپرسانی باڵای ئه‌مه‌ریكا ترسیان له‌وه‌یه پوتن دڵڕه‌قانه هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر ئۆكرانیا زیاد بكات"
K24 - مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا
سه‌رۆكی رووسیا پێینایه 70مین رۆژی شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا، به‌ڵام به‌شێكی كه‌م له رووسیا پێیانوایه به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ئه‌مه راگه‌یاندنی جه‌نگ بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی رووسیا تائێستا داگیركارییه‌كه‌یان به (ئۆپه‌راسیۆنی تایبه‌تی سه‌ربازی) وه‌سفكردووه.
كه‌واته ئه‌ی رووسیا كه‌ی جه‌نگ دژی ئۆكرانیا راده‌گه‌یه‌نێت؟
پێده‌چێت هه‌موو دۆخه‌كه له (رۆژی سه‌ركه‌وتن) بگۆڕێت، ئه‌ویش ئه‌و رۆژه‌یه كه رووسیا (یه‌كێتی سۆڤیه‌ت)ی جاران له جه‌نگی دووه‌می جیهانی به‌سه‌ر ئه‌ڵمانیای نازی-دا سه‌ركه‌وت، كه ئه‌ویش 9ی ئایاره، بۆیه به‌رپرسانی ئۆكرانیا و ئه‌وروپا پێیانوایه كه ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆكی رووسیا رۆژی 9ی ئایار جه‌نگ دژی ئۆكرانیا راده‌گه‌یه‌نێت.
به‌پێی راپۆرتێكی سی ئێن ئێن، كیریلۆ بۆدانۆڤ گه‌وره هه‌واڵگر و سیخوڕی ئۆكرانی پێشبینی ئه‌وه‌ی كردووه، ئه‌م هه‌فته‌یه پوتن جه‌نگ راده‌گه‌یه‌نێت دژی ئۆكرانیا، هه‌روه‌ها به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكاش پێیانوایه كه رووسیا له رۆژی 9ی ئایار جه‌نگ به فه‌رمی راده‌گه‌یه‌نێت.
هه‌ندێك له به‌رپرسانی باڵای ئه‌مه‌ریكا ترسیان له‌وه‌یه پوتن به‌شێوه‌یه‌كی فراوان و تا ئاستێكی دڵڕه‌قانه هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر ئۆكرانیا زیاد بكات له چه‌ند رۆژی ئاینده‌دا.
سایتی ده‌یلی بێست له راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە، زیادبوونی ترسی گه‌وره‌ی به‌رپرسانی ئیداره‌ی بایدن له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، كه پوتن تووشی نائومێدی ته‌واو بووه بۆ راگه‌یاندنی جۆرێك له سه‌ركه‌وتن له جه‌نگی ئۆكرانیا له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی زیاتر له (رۆژی سه‌ركه‌وتن - 9ی ئایار).
به‌رپرسێكی ئیداره‌ی بایدن به ده‌یلی بێست-ی وتووه: "پوتن پێویستی به سه‌ركه‌وتنه بۆ مانه‌وه".
هه‌روه‌ها پوتن له وتارێكدا له 18ی ئادار-ی 2022 له چوارچێوه‌ی ئاهه‌نگێكی میوزیك به‌بۆنه‌ی ساڵڕۆژی گه‌ڕانه‌وه‌ی نیوه‌دورگه‌ی (كرامییه-قرم)، گوتی: "دووپاتیده‌كه‌مه‌وه، دۆڕاندنی سۆڤیه‌ت له ئه‌فغانستان به‌واتای هه‌ڕه‌شه بوو بۆ سه‌ر ئه‌و سیستمه‌ی كه بنیادی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی ده‌كرد كه سه‌روه‌ری بۆ ئیمپراتۆریه‌تی سۆڤیه‌ته".
كه‌واته پوتن به‌هه‌ر رێگه‌یه‌ك بێت ئه‌بێت سه‌ركه‌وتن راگه‌یه‌نێت، به‌پێی راپۆرتێكی نیوزویك، بێن واڵاس وه‌زیری به‌رگری به‌ریتانیا، رۆژی 28ی نیسان (ئه‌پرلی 2022) رایگەیاندووە: "ده‌شێت پوتن جه‌نگ دژی نازییه‌كانی جیهان له 9ی ئایار راگه‌یه‌نێت".
واڵاس ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه لێدوانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی پوتن ده‌رباره‌ی (نازی)یه‌كانی ئۆكرانیا ئامانجی سه‌ره‌كی له‌كه‌داركردنی ئابڕووی ئه‌و وڵاته‌یه.
ئه‌وه‌ی وایكردووه كه لێكدانه‌وه بۆ ئه‌وه بكرێت كه 9ی ئایار به ده‌ستپێكی راگه‌یاندنی جه‌نگ دابنرێت له لایه‌ن رووسیا، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه به‌رپرسانی رووسیا و له نێویاندا ڤلادیمێر پوتن -یش له رۆژی 24ی شوبات-ه‌وه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌وه‌ی كراوه ململانێییه نه‌ك جه‌نگ و بریتییه له (ئۆپه‌راسیۆنی تایبه‌تی سه‌ربازی).
هه‌روه‌ها راپۆرته‌كانی ئه‌م دواییه‌ی رووسیا وا نیشانی ده‌ده‌ن كه 9ی ئایار به‌فه‌رمی جه‌نگ دژی ئۆكرانیا رابگه‌یه‌نێت.
له‌به‌رامبه‌ردا، به‌گوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیته‌رز، دیمتری بیسكۆڤ سكرتێری رۆژنامه‌وانی پۆتن له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا گوتی: "ئه‌و بیرۆكه‌یه راست نییه، رۆژی سه‌ركه‌وتن له رووسیا پشووه".
له‌لایه‌كی تره‌وه بێن واڵاس وه‌زیری به‌رگری به‌ریتانیا له چوارچێوه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ رادیۆی ئێل بی سی له له‌نده‌ن، ئاماژەیدا: "سه‌رۆكی رووسیا بۆ درێژه‌دان به‌و قسه‌یه‌ی كه ده‌ڵێت ئێستا شه‌ڕكردنه دژی نازییه‌كان، پێویستمان به به‌رگریكاری زیاتره، كه‌واته پێویستمان به شه‌ڕكه‌ری رووسی زیاتره، ئه‌وا ده‌شێت له 9ی ئایار به بیانووی شه‌ڕ دژی نازییه‌كانی جیهان، جه‌نگ راگه‌یه‌نێت بۆ هێوركردنه‌وه‌ی ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ری رووسی".
هه‌روه‌ها مانگێ له‌مه‌وبه‌ر ئیلیا پۆنۆماریڤ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی دوورخراوه‌ی رووسی و ئێستا له مه‌نفا ئه‌ژی، هه‌مان جۆر لێدوانی‌دا كه پوتن رۆژی 9ی ئایار بانگه‌شه‌ی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئۆكرانیا ده‌كات، ئه‌و له به‌رنامه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ جیك تابه‌ر له سی ئێن ئێن، گوتی: "من دڵنیام له‌وه، به‌ڵام له‌هه‌قیقه‌تدا دۆڕاوه".
به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا، ئه‌مساڵ رێوڕه‌سمی (رۆژی سه‌ركه‌وتن- 9 ئایار) به‌رفراوانی كه‌متر به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت، كه ساڵانه له گۆڕه‌پانی سوور به‌رێوه‌ده‌چێت، به‌پێی به‌یاننامه‌كه ئه‌مساڵ 129 یه‌كه‌ی سه‌ربازی به‌شداری رێوڕه‌سمه‌كه ده‌كات له‌كاتێكدا ساڵی پار 191 یه‌كه‌ی سه‌ربازی به‌شداریان تێدا كردووه.