بەرپرس و سەربازانی سوپای سوید لەبارەی ئامادەباشیانەوە لە گۆتلاند بۆ کوردستان24 دەدوێن

تیمی کوردستان24 دەچێتە سەربازگەیەکی سوپای سوید لە دوورگەی گۆتلاند

K24 - گۆتلاند

هێزەکانی سوید لە دوورگەی گۆتلاند خەریکی راھێنانن، ئەوان دەڵێن: رۆژانە زیاتر لە 8 کاتژمێر راھێنان دەکەین و خۆمان بۆ ھەموو ئەگەرێک ئامادە کردووە.

دوای هەڕەشەکانی رووسیا لە هەوڵەکانی سوید بۆ بە ئەندامبوونی لە ناتۆ، سوپای سوید لە دوورگەی گۆتلاند خرایە ئامادەباشی و راهێنان.

کوردستان24 وەک تاکە کەناڵی میدیایی، دەچێتە یەکێک لە سەربازگەکانی سوپای سوید لە دوورگەی گۆتلاند و لەبارەی ئامادەباشی هێزەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی ئەو وڵاتە دەدوێت.

سەربازێکی سوید بە ناوی یوناس رێکەسۆن، لە گۆتلاند بە کوردستان24ی گوت: "بەپێی رێنمایی سەربازی لە سوید راھێنانەکان بۆ خۆبەخشەکان، لە هەفتەیەکدا چوار رۆژە، جۆرێکی تری راهێنان ھەشت رۆژی بەردەوامی دوای یەکە، بۆ ئەو کەسانەی خۆیان سەربازن، هەروەها جۆرێکی تر 13 رۆژە بێ پشوو، بۆ ھەندێک بواری پێویستی دیکەی سەربازی، لەکاتی ئاسایدا ئەگەر پەیڕەوی لە رێنمایی سەربازی بکەین، بەم شێوەیە بووە، بەڵام ئێستا لەبەر بارودۆخی ناجێگیری گۆتلاند 30 رۆژە لە راھێنانداین، زۆرترین راهێنانیش 40 رۆژە، بە بەردەوامی و بەبێ پشوو".

کەمیلا سەلاندەر، تازە چووەتە ناو سوپای سوید، خەریکی راھێنانە و دەڵێ: "ھاتووم وەک تاکێکی ئەم  وڵاتە ویژدانی خۆم ئاسوودە بکەم بەوەی، کە منیش دەتوانم لەم رێیەوە خزمەت بە خاکەکەم بکەم".

گوتیشی: "دەمەێت بزانم چۆنە و زیاتر فێربم لە جیاتی ئەوەی لە سەر قەنەفەکەم لە ماڵەوە دانیشم و ھەست بە مەترسی بکەم، من دەمەوێت بزانم دەتوانم چی بۆ وڵاتەکەم بکەم. ئێستا ھەست دەکەم سەربازی باشترین بژاردەیە بۆ من کە خزمەت بکەم".

تۆماس ئێنگسھەمار، بەرپرسی پەیوەندییەکان لە ریزەکان سوپای سوید لە دوورگەی گۆتلاند، لەبارەی ئامادەباشی و راهێنانەکانیان بە کوردستان24ی راگەیاند: " سوپای سوید ھەموو کات لە ئامادەباشی دایە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە وڵات بکات، بێگومان ھەر شتێکیش رووبدات بەرگری لە سوید دەکەین".

ئەو بەرپرسەی سوپای سوید ئاماژەی بەوەشدا: "گۆتلاند لە بواری ستراتیژییەوە لەم ناوچەیەدا زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی لێرەوە دەتوانرێت بالتیک کۆنترۆڵ بکرێت، من نامەوێت باسی ئەو بابەتە بکەم کە بۆ رووسیا گرنگ بێت، یان نا، بەڵام لە گۆتلاندەوە دەکرێت زۆر ناوچەی دەورووبەری کۆنترۆڵ بکرێت".

لە دوای ھەڕەشەکانی رووسیا بۆ سەر سوید، جگە لە پڕچەککردنی سوپای سوید، ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی سوید ناوی خۆیان وەک خۆبەخش بۆ بەرگری لە وڵاتەکەیان تۆمارکردووە و لە سەربازگە تایبەتەکانی وڵاتەکەیان خەریکی راھێنانن.

Fly Erbil Advertisment