زیاتر لە 3500 تووشبووی تالاسیما له هه‌رێمی كوردستان تۆمارکراوە
تەنیا لە هەولێر زیاتر لە 900 تووشبووی تالاسیما هەیە

K24 - هه‌ولێر:
تووشبوویەكی تالا سیما لە ھەولێر، كە مامۆستای زمانی كوردییە، كتێبێكی شیعری نووسیووە و گوزارشت لە ئازارەكانی دەكات، وەك تووشبوویەكی تالاسیما. كە ئامانجیەتی لەو رێگەیەوە ھۆشیاری بڵاو بكاتەوە. كۆمەڵەی تالاسیما لە ھەولێر داوای پێكھێنانی دەستەیەكی نیشتمانی دەكات بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان ھۆشیار بكرێنەوە.
محەمەد کوردە، تووشبوویەکی تالاسیمایە و مامۆستای زمانی کوردییە و کتێبێکی شیعری چاپكردووە و ئازارەکانی خۆی تێدا نووسیووەتەوە ، داھاتی کتێبەکەشی بۆ چارەسەری تووشبووانی تالاسیما تەرخان دەکات، محەمەد دەڵێت "توانیم بەسەر ئەو ئازارانە تێبپەڕم و لەسەر پێیەکانی خۆم بوه‌ستم و هیوا بە چواردەورەکەشم ببەخشم".
ئەو کەسانەی تووشبووی تالاسیمان، مانگانە پێویستیان بە برێکی زۆر خوێن و دەرمان هەیە و حکوومەتیش هاوکاری سەرەکیانە، راگەیاندنی کۆمەڵەی تالاسیماش لە هەولێر بڕوای وایە، دەبێت هاووڵاتییان زیاتر هۆشیار بکرێنەوە لە مەترسیەکانی تالاسیما و بتوانرێت رێژەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
سروە عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمەڵەی تالاسیما لە هەولێر گوتی: به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌درێت هۆشیاری له‌سه‌ر نه‌خۆشه بۆماوه‌ییه‌كان بڵاوبكرێته‌وه، به‌تایبه‌ت نه‌خۆشی تالاسیما، به‌ڵام پێویسته ده‌سته‌یه‌كی نیشتمانی دابمه‌زرێت، بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه كار بكه‌ین، وه‌زاره‌ته‌كانی ته‌ندروستی، خوێندنی باڵا و ئه‌وقاف به‌یه‌كه‌وه هه‌ڵمه‌تێك ئه‌نجام بده‌ن و خه‌ڵك زیاتر هۆشیار بكه‌نه‌وه.
هەر توشبوویەکی تالاسیما بەگوێرەی ئاستی رێژەکەی مانگانە یان هەفتانە پێویستی بە خوێن هەیە، بانکەکانی خوێن لە هەرێمی کوردستان بێبەرامبەر خوێن بۆ تووشبوان دابین دەکه‌ن. بەڕێوەبەری بانکی خوێن-ی هەولێر بڕوای وایە ئەو کچ و کوڕانه‌ی هەڵگری تالاسیمان، نابێت هاوسەرگیری لەگەڵ یەک بکەن، بۆ ئەوەی مەترسی توشبوون لەسەر منداڵەکانیان دروست نەبێت.
د. هونەر عومەر دڵپاك، بەڕێوەبەری پزیشکی لە بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێن لە هەولێر روونیكرده‌وه، نه‌خۆشی تالاسیما تا ئێستا چاره‌سه‌ری ته‌واوه‌تی نییه، ته‌نیا یه‌ك چاره‌سه‌ر هه‌یه، ئه‌ویش چاندنی مووخی ئێسكه، ئه‌ویش چه‌ندان مه‌رجی هه‌یه، كه له هه‌موو تووشبوویه‌كی نه‌خۆشییه‌كه ئه‌و مه‌رجانه جێبه‌جێ نابێت و له هه‌موو شوێنێك ئه‌نجام نادرێت، هه‌رچه‌نده تێچوویه‌كی زۆری هه‌یه، له‌هه‌مانكاتدا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت.
تالاسیما نەخۆشییەکی بۆ ماوەییە و لە دایک و باوکی تووشبوو، یان هەڵگری نەخۆشیەکە راستەوخۆ بۆ کۆرپەلەکە دەگوازرێتەوە، بەگوێرەی ئامارێکی کۆمەڵەی تالاسیما لە هەولێر، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 3500 تووشبووی تالاسیما تۆمارکراوە و تەنیا لە هەولێر زیاتر لە 900 تووشبوو هەیە و ئەو کەسانەی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و توشبووی تالاسیمان لە 396 کەسە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام لە رێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە هۆشیار بە هاووڵاتییان دەدات بۆ ئەوەی بە دوور بن لەو جۆرە نەخۆشییە بۆماوەییە.