چاودێرێکی سیاسی: پەکەکە قورسایی خۆی خستووەتە سەر باشووری کوردستان
"کەمترین رێژەی خەباتی سیاسی و چەکداری پەکەکە لە خاکی کوردستانی باکووردا بووە"

K24 - هەولێر:
بوونی چەکدارانی پەکەکە لە ناوچە سنووریەکانی هەرێمی کوردستان جیا لەوەی بوونەتە هۆی چۆڵکردنی سەدان گوند لەو ناوچە سنووریانە و زەرەر و زیانگەیاندن بە خەڵکی سڤیل، لەلایەکی دیکەوە رێگری لە ئاساییکردنەوەی شنگال دەکات.
کامەران غەریب، چاودێری سیاسی لەبارەی بوونی چەکدارانی پەکەکە لە ناوچە سنووریەکانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە سەرەتای دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، یەکەمین لایەنی سیاسی پێش هێزە ئیقلیمیەکان کە دژایەتی خۆی بۆ ئەم هەرێمە فیدراڵیە راگەیاند، پارتی کرێکارانی کوردستان بوو، لە کاتێکدا ئەم هەرێمە تاکە هیوای سەرجەم کوردانی چوار پارچەی کوردستان بوو."
ئەو چاودێری سیاسیە باسی لەوەش کرد، ئەو هەنگاوانەی پەکەکە تا ئێستا ناوێتی، بە هەمیشەیی دژی کوردستان بووە. ئاماژەی بەوەشدا، ئەو زیانانەی پەکەکە لە هەرێمی کوردستانی داوە، هیچی کەمتر نەبووە لەو زیانانەی داگیرکەران لە خاکی کوردستانیان داوە.
کامەران غەریب سەبارەت بە چالاکیەکانی پەکەکە لە باکووری کوردستان گوتی: "کەمترین رێژەی خەباتی سیاسی و چەکداری پەکەکە لە خاکی کوردستانی باکووردا بووە، ئەمەش خودی دامەزراندنی پەکەکە و چالاکیەکانیان دەخاتە ژێر گومانەوە، گومانی ئەوەی کە بوونی خودی پارتی کرێکارانی کوردستان بەشێك بێت لە پیلانێکی ئیقلیمی بۆ دەستبەسەرداگرتنی رێژەیەک لە خاکی هەرێمی کوردستان کە چەند وڵاتێکی ناوچەکە پێویستیانە، ئێمە دەزانین ئێران خودی ناوچەی جوگرافیایی شنگالی مەبەستە، بەڵام ئێران ئەم ناوچەیەی بە چۆڵکراوی دەوێت."
لەبارەی دۆخی ئێستای شنگالەوە، ناوبراو باسی لەوە کرد، "ئەم کارەساتانەی یەک بەدوای یەکدا بەسەر شنگالدا دێن، بەهۆی ئەوەوەیە کە وڵاتانی ئیقلیمی پێویستیان بە جوگرافیای ناوچەی شنگالە، پارتی کرێکارانی کوردستانیش، ئەوەی لە خاکی تورکیادا پێویستە جێبەجێی بکات، دژی وڵاتە ئیقلیمیەکان و ئەوانەی خاکی کوردستانیان بەسەردا دابەش بووە، دژی هەرێمی کوردستان و خەڵکی ئەم هەرێمە لە سنوورەکاندا جێبەجێی دەکات."
"پەکەکە قورسایی خۆی خستووەتە سەر باشووری کوردستان، بۆ ئەوەی زۆرترین کێشە بۆ تاکە حکومەتی کوردی شەرعی لە هەر چوارپارچەی کوردستان دروست بکات، هەروەها خاوەنی سیاسەتێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو وەک داشێکی دامە دەجوڵێندرێت."