وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه: بنكه‌یه‌كی پشتگیری بۆ یه‌كه سه‌ربازییه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی ده‌كه‌ینه‌وه
"هاوپەیمانان رۆڵیان لە پشتگیری‌کردن و هاوکاری کردنی ئەم بنکانە هه‌یه"

K24 – هه‌ولێر:
جێگری سەرۆک ئەرکان بۆ ئیدارە و میرەی سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، له‌گه‌ڵ به‌رپرسی هاریكاری ئاسایشی ئه‌مه‌ریكا له هه‌رێمی كوردستان، بنكه‌یه‌كی پشتگیریی یه‌كه سه‌ربازییه‌كانیان له دهۆك به‌سه‌ر كرده‌وه، بڕیاریشیاندا هه‌مان یه‌كه‌ی پشتگیری له پارێزگای سلێمانی بكه‌نه‌وه.
وەزارەتی پێشمەرگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه، ئەمڕۆ 9ـی ئایاری 2022، لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر رەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، بە یاوەری کۆڵۆنێڵ دۆگڵاس، بەرپرسی ئۆفیسی هاریکاری ئاسایشی ئەمه‌ریکا لە هەرێمی کوردستان سەردانی بنکەی ئیداری دهۆکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی میرەی گشتییان کرد.
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه رایگه‌یاند، ئامانج لە سەردانەکە، بەسەرکردنەوەی ئەو بنکەیە بوو، کە لە ئایندەدا پشتگیریەکی نزیکی ئەو یەکە سەربازییانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت و دەکەوێتە سنووری پارێزگای دهۆک.
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه راشیگه‌یاند، وەک پشتگیریی بۆ یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای سلێمانی وابڕیارە هه‌مان بنكه‌ی پشتگیری بۆ یه‌كه سه‌ربازییه‌كان لە سنووری ئه‌م پارێزگایه بكرێته‌وه.
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هاوپەیمانان رۆڵیان گرنگیان لە پشتگیری‌کردن و هاوکاری کردنی ئەم بنکانە بۆ بەهێزکردنی یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا هه‌یه.